ئایا وەرزی زستان باشترە بۆ دابەزاندنی كێش!

ئایا وەرزی زستان باشترە بۆ دابەزاندنی كێش!

لێكۆڵینەوەكانی زانكۆی ماستریكت /هۆڵەندا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە كەشی سارد هاندەرە بۆ سووتاندنی 3-30% كالۆری زیاتر بەراورد بە كەشی گەرما، بۆیە زستان بە باشترین كات هەژمار دەكرێت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، بە مەرجێك بەرنامەی دابەزاندنی كێش لە ڕیجیمی درووستی خۆراك و مەشقی وەرزشید بە تەواوی پەیڕەو بكرێت، ئەگینا لەوانەیە كە لە زستاندا كەمێك كێشی لەش زیاد بكات. بەركەوتن بە سەرما وا لە لەش دەكات كە بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمیی لەش لە ئاستی ئاساییدا، لە ڕێگەی چالاكبوونەوەی چەوریی قاوەیی Brown fat كە لە كەشی سارددا دەبێتە هاندەر بۆ سەرفركردنی وزە، كالۆریی زیاتر بسووتێنێت، واتە سووتاندنی چەوریی زیاتر لە خەزنكردنی، بە مەرجێك مەشقی وەرزشی ئەنجام بدرێت. لە لایەكی دیكەوە، زستان هاندەرە بۆ تاودانی كرداری میتابۆلیزم (گۆڕینی خۆراك بۆ وزە) كە یارمەتی سووتاندنی كالۆری دەدات، كەواتە بەراورد بە وەرزی هاوین لە زستاندا دەتوانرێت بە جووڵەیەكی كەمتر بڕێكی زیاتری كالۆری سەرف بكرێت. ئاماژە بەمەش كراوە كە مەشقی وەزرشی لە كەشی سارددا توانای لەش بەرزدەكاتەوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پلەی گەرمیی جیاواز و زیاتر سووتاندنی چەوری، بۆیە ئەگەر چالاكیی فیزیكی هاوكات لەگەڵ خۆراكی هاوسەنگ و كەم كالۆری بەرەدەوام بێت، ئەوا وەرزی زستان باشترین دەرفەتە بۆ ئاسان دابەزاندنی كێشی زیادی لەش.

Top