تاڤگە عومەر ڕەشید: دەستەی مافی مرۆڤ لە هیچ حاڵەتێكی پێشێلكاری بێدەنگی هەڵنەبژاردووە، ئەگەر ڕووماڵی میدیایی بۆ كرابێت، یان دوور لە میدیاكان بووبێت

تاڤگە عومەر ڕەشید:  دەستەی مافی مرۆڤ لە هیچ حاڵەتێكی پێشێلكاری بێدەنگی هەڵنەبژاردووە، ئەگەر ڕووماڵی میدیایی بۆ كرابێت، یان دوور لە میدیاكان بووبێت

 

 

تاڤگە عومەر ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتیی یاسا و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، هاوكات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ كە دەكاتە 10ی كانوونی یەكەم، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكات و، تیشك دەخاتە سەر ئەو كارانەی كە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە سۆنگەی ئەركەكانیدا ئەنجامیان دەدات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* سەرەتا با لەو پرسیارەوە جەوهەرییەوە دەست پێبكەین، ئایا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەو دەسەڵاتەی كە پێی دراوە، تا چ ئاستێك توانیویەتی مافی هاووڵاتیان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە لە پێشێلكاری بپارێزێت؟

- دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونیەوە بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2010، توانیویەتی تا ڕاددەیەكی باش كار لەسەر بەدواداچوونی پێشێلكارییەكان و وەرگرتنەوەی مافی هاووڵاتیان بكات لە سەرجەم سێكتەرەكاندا، دیارە ئەمەش بەو شێوازە میكانیزمەی دەستە دیاری كردووە، تاوەكو هاووڵاتیان بتوانن سەردانی دەستە و نووسینگەكانی بكەن و، سكاڵای خۆیان لەسەر بوونی هەر پێشێلكارییەك پێشكەش بكەن و بەڵگەی تەواو بخەنە ڕوو، بە گوێرەی یاساش دەستە دەتوانێت لایەنی ئەنجامدەری پێشێلكاری لێ‌ ئاگادار بكاتەوە بە شێوازی فەرمی و بەدواداچوونی پێویست بكات، تاوەكو چارەسەری كێشەكە دەكرێت و هاووڵاتی مافی خۆی وەردەگرێتەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەو بابەتانەی كە مافی گشتین لەكاتی بوونی پێشێلكاری لەسەر مافی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی، دەستەی مافی مرۆڤ چ لە ڕێگەی سەردانی تیمەكانی چاودێری و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی پێویست لەسەر پێشێلكارییەكان، یان بانگەوازی بەپەلەی دەستە بۆ بەهاناوە هاتنی لایەنە پەیوەندیدارەكان و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە و پێشنیاری گونجاو بۆ چارەسەری گرفتەكان دەخاتە ڕوو، لە هەموو حاڵەتێكدا دەستەی مافی مرۆڤ لە هیچ حاڵەتێكی پێشێلكاری بێ‌دەنگی هەڵنەبژاردووە، ئینجا ئەگەر ڕووماڵی میدیایی بۆ كرابێت، یان دوور لە میدیاكان بووبێت.

* جیا لە پاراستن و چاودێریكردنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ خزمەتەكانی بە چ ئاراستەیەك چڕ دەكاتەوە؟

- شێوازی دیكەی ئەركەكانی دەستە بریتییە لە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی پێشێلكارییەكان، كە ئەم ڕاپۆرتانەش كار لەسەر دەرخستنی پێشێلكارییەكان بە شێوەیەكی گشتی دەكەن و كەیسە كەسییەكان تەنیا بە شێوازی داتا بڵاو دەكاتەوە، ئەم ڕاپۆرتانەش دەگاتە هەموو دەسەڵاتەكانی هەرێم و لایەنی نێودەوڵەتییش و هەر دەزگایەكیش بەپێی تایبەتمەندیی خۆی و بە گۆێرەی ڕاسپاردەكانی دەستە، كار لەسەر پێشێلكارییەكان دەكات و دەستە لە پوختەی كاری ئەنجام دراو ئاگادار دەكاتەوە.

* وەك ئاشكرایە توندوتیژیی خێزانی و پێشێلكردنی مافەكانی تاك بەتایبەت منداڵ و ئافرەت لە هەڵكشاندایە، بۆ ڕێگریكردن لەو هەڵكشانە، دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە كوێی بابەتەكەدایە؟

- لە ماوەی كاركردنی ئەمساڵدا دەستە جیا لە كاركردن لەسەر پلانی كاركردنی خۆی، هەوڵی دا كە بە شێوەیەكی تایبەت كار لەسەر هەندێك دۆسیە بكات كە وەكو جێبەجێكردنی ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی لە لایەك و لە لایەكی دیكەشەوە گرنگیدانی دەستە بە توێژە فەرامۆش كراوەكان، بەتایبەتی منداڵ و ئافرەت كە لەم ڕووەوە دەستە بە هاوكاریی ڕێكخراوی یونسیف توانی بۆ یەكەم جار بەشی پاراستنی منداڵ لە دیوانی دەستە و نووسینگەكانی بكاتەوە، كە ئەوەش بە واتای ئەوە دێت كە دەستە بە شێوازێكی زانستییانەتر كار لەسەر دۆسیەی پاراستنی منداڵ دەكات لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاری و پاڵپشتیی ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان و هەروەها دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم.

جگە لەوەش 12 توێژینەوەی زانستی دیوانی دەستە و نووسینگەكانی ئەنجامیان داوە، تاوەكو بتوانین لەسەر بنەمای زانستی كار لەسەر پێشێلكارییەكان بكەین و خاڵە لاوازەكان دەستنیشان بكەین و ڕاسپاردەی گونجاو پێشكەشی لایەنی پەیوەندیدار بكەین.

ئەوەی پەیوەستە بە ئافرەتانیش دەستە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە بەردەوام كاری لەسەر ئەم پرسە كردووە، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە لایەنی یاسایی لەبەر ئەوەی دەزگای ئێمە دەزگایەكی جێبەجێكار نییە و دەزگایەكی چاودێرە، بۆیە بەردەوام كاری لەسەر چاكسازییەكانی ئافرەتان و شەڵتەرەكان و خانەی بەساڵاچووان و سەنتەرەكانی پاراستنی خێزان كردووە و هەوڵی داوە، كەموكورتی و كێشەكانیان دەستنیشان بكات و لە هەمان كات چارەسەریش، هەروەها ئەو ئافرەتانەی كە سكاڵا تۆمار دەكەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و نووسینگەكانیان و كاری جددی لەسەر سكاڵاكانیان كراوە.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە دەستە بە هاوكاریی ڕێكخراوی هارتلاند ئەلایەنسی نێودەوڵەتی سكاڵای هاووڵاتیانی كرد بە شێوازی ئۆنلاین، تاوەكو بتوانن بە ئاسانترین شێوە سكاڵاكانیان پێشكەش بكەن و دەستە و نووسینگەكانی بەدواداچوونی پێویستی بۆ بكەن.

* دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ئاست پاراستن و گێڕانەوەی مافی كەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت چ ڕۆڵێكی هەبووە؟

- بابەتی خاوەن پێداویستیی تایبەت یەكێكە لەو پرسانەی كە دەستە لە ساڵی ڕابردووی لە پێشینەی كارەكانی بووە، جگە لە بەدواداچوون و سەردانە هەمیشەییەكانی لە ساڵیادی جاڕی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، كە زۆر گرنگیی بەم توێژە داوە و هەوڵی داوە لایەنی سەرەكیی چالاكییەكە بن و بتوانن لە زاری خۆیانەوە كێشەكانیان بخەنەڕوو تاوەكو بە هەموو لایەك ڕێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەمە جگە لە چەندین دۆسیەی وەكو مافی پێكهاتەكان و ڕەوشی میدیا و ئازادیی ڕادەربڕین و ئاوارە و پەنابەران و كرێكاران و ژینگەش كە دەستە بەردەوام كاری لەسەر كردوون و توانیویەتی لەم پێناوەشدا كاری باش ئەنجام بدات، هاوكات كاری بەدواداچوونی دۆخی بنكەكانی گرتن و گواستنەوە و چاكسازییەكانی هەرێم و بەندیخانەكانی ئاسایش كاری بەردەوامی سەرۆكایەتیی دەستە و تیمەكانی بووە و، لەم بوارەشدا دەستە ڕۆڵی سەرەكیی هەبووە لە چاككردنی دۆخ و گوزەرانی ڕاگیراوان و سزاداروان و چارەسەركردنی كێشە مرۆیی و یاساییەكانیان.

* لە ئێستادا دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟

- بە گۆێرەی بەدواداچوونەكانی ئێمە و ئەو ڕاپۆرت و توێژینەوە و دیراساتانەی كە لەبەر دەستن و ئەو داتا و زانیارییانەی كە دەستە بڵاوی كردووەتەوە، ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئاستی پێویست نییە و پێشێلكاری لە هەموو سێكیتەرەكان هەیە و، زۆربەیان بە هۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەوە بووە كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، كە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ئابووریی هاووڵاتیان و تەندروستی و پەروەردە و فێركردن و دەرەنجام زۆربوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش بووە. هەروەها

گرفتی ژێرخانی هەندێك لە دەزگاكان و نەبوونی سەرچاوەی مرۆیی پێویست، وای كردووە كە پێشێلكاریەكان بەردەوام بن و كەمیی بەدواداچوونی كێشە و گرفتەكان و وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی پێویست دیوێكی دیكەی كێشەكانە، هەر چەندە ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو پلانێكی گشتگیرمان ئامادە كردووە و دەخوازین زیاتر كار لەسەر هوشیاركردنەوە بكەین، كە یەكێك لە ئەركەكانی دەستەیە، جگە لە چاودێری و پاراستن، چونكە چەند هاووڵاتیان هوشیار بن، ئەوەندە پێشێلكاری لەسەر مافەكانیان كەمتر دەبێتەوە و بەتایبەتیش هوشیاریی یاسایی.

 

Top