ماددە كیمیاییەكانی پلاستیك ئەگەری نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن

ماددە كیمیاییەكانی پلاستیك  ئەگەری نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن

  بەركەوتن بە ماددە كیمیاییەكانی پلاستیكی ژینگە و ئەو پلاستیكانەی كە ڕۆژانە بۆ مەبەستی جیاواز بەكاردیان دەهێنین، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن لە گەورە و منداڵدا، كە بە هۆكاری یەكەمی مردن دادەنرێت لە سەرتاسەری جیهاندا. زانایانی زانكۆی كالیفۆرنیا لە لێكۆڵینەوەكانیاندا جەختیان لە پەیوەندیی نێوان ئەم ماددە كیمیاییانە و نەخۆشیی دڵ كردووەتەوە. زاناكان ئەمەیان ڕوون كردووەتەوە كە ئەم ماددە كیماییانەی پلاستیك هۆكارن بۆ تێكدانی فرمانی گلاندە كوێرەكان، یان سیستمی هۆرمۆنەكان، تێكدانی ناوپۆشی خوێنبەرەكان و نیشتنی چەوری و كۆلیستیرۆڵ یان ڕەقبوونی خوێنەرەكان Atherosclerosis كە هۆكارە بۆ نەخۆشیی دڵ، هەروەها سیستمی بەرگریی لەش و كۆئەندامی دەمار، هەندێكیشیان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكەن. لە لایەكی دی، پسپۆڕان ئاماژەیان بەمە كردووە كە ماددە كیمیاییەكانی پلاستیكی وەكو بیسفینۆل Bisphenol A و فتالەیتەكان Phalates دەبنە ئەگەری تێكدانی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، هەندێكی دیكە دەبنە هۆی زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی شەكرە و گرفت لە پەرەسەندنی كۆرپە لە ئافرەتی دووگیاندا. لە كۆئەندامی هەناسەشدا، هەڵمژینی وردە پلاستیك هاندەرە بۆ پەیدابوونی فشاری ئۆكسان لە ناو بۆڕییەكانی هەناسە و سییەكاندا، كە هۆكارە بۆ كۆكە، پژمین، هەناسەتەنگی هاوكات لەگەڵ سەرسووڕان و هەستكردن بە ماندووبوون لەبەر كەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆكسجینی خوێندا.

Top