گرنگیی ڕێژەی چەوریی لەش

گرنگیی ڕێژەی چەوریی لەش

   ڕێژەیەكی دیاریكراوی چەوریی لەش زۆر گرنگە بۆ تەندرووستی، كە بە پێی تەمەن و ڕەگەز جیاوازی هەیە، بۆنموونە ئافرەت پێویستی بە ڕێژەیەكی چەوریی زیاتر لە پیاو هەیە. چەوریی لەش گرنگە بۆ پاراستنی ئەندامەكانی ناوەوە، خەزنكردنی وزە، پاراستنی پلەی گەرمیی لەش، خەزنكردنی ڤیتامین، ڕێكخستنی ئاستی شەكر و كۆلیستیرۆڵی خوێن، هەروەها ڕێكخستنی ئاستی هۆرمۆنەكان، بەتایبەتی لە ئافرەت لە كاتی دووگیانیدا. ڕێژەی چەوریی لەش ئەگەر لە ئاستی ئاسایی زیاتر بێت، ئەوا ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییانە زیاد دەكات وەكو: نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، بەردی زراو، داڕووشانی جومگە (سەوەفان)، گرفتەكانی هەناسە، بەتایبەتی هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا Sleep apnea، چەند جۆرێكی شێرپەنجە، لەگەڵ چەند حاڵەتێكی تەندرووستی دیكەی نەخوازراودا. لە لایەكی دیكەوە، ڕێژەی كەمی چەوریی لەش كە لە ئاستی ئاسایی كەمتر بێت، دەبێتە ئەگەری چەند گرفتێكی تەندرووستی وەكو: پووكانەوەی ئێسك Osteoporosis و كەمبوونەوەی چڕیی كانزاكانی ئێسك، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنە میكرۆبییەكان، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین، هەروەها نەخۆشیی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا بە شێوەی نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك. گەلێك ڕێگە هەیە بۆ پێوانەكردنی ڕێژەی چەوریی لەش كە باوترینیان بریتییە لە پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش BMI.

Top