بەدەست هێنانی ئامانجەكەت بوێری و شەونخوونی دەوێت

بەدەست هێنانی ئامانجەكەت بوێری و شەونخوونی دەوێت

(لیس براون) گوتاربێژو نوسەری دیاری بواری هاندانی ئەمریكی دەڵێ" تیرەكەت بهاوێژە بۆ مانگ، گەر بەر مانگیش نەكەوێت ئەوا دەكەوێتە نێو ئەستێرەكان".
گومانی تێدانییە ژیان تەنها بەرێ كردنی ڕۆژەكان نییە، بەڵكو بریتییە لە چەندەها هەل و دەرفەت بۆ دەست نیشان كردن و دیاری كردنی ئامانجەكان و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانیان، ئەوەش لە خۆڕا نایەتەدی، بەڵكو پێویستی بە دیدگای ڕوون و گەش بینی و خۆ تەرخان كردن و ئەوپەری متمانە بە خۆبوون هەیە.
دەبێ وا بیر بكەیتەوە و وا بژیت كە هەموو چركە ساتێك یادگارییەكی جوان و بە سوود بێت و خۆمان ڕابهێنین لەوەی دەتوانین زۆر شت ئەنجام بدەین و بڕوای تەواومان بە خوای گەورە هەبێت كە بەدڵنیایی هەوڵ و ماندووبوونی هیچ كەسێك بە فیرۆ نادات و بەرهەمێكی لێ دێتە دی دواتریش بڕوای تەواومان بە خۆمان هەبێت كە دەتوانین زۆر شت ئەنجام بدەین و دووربكەوینەوە لە گلەیی كردن و ناڕازایی بوون و بە فیرۆدانی كات او بیركردنەوە لە ڕابردوو كە هیچ دەستكەوت و ئەنجامی نابێت بۆ ئەوڕۆ تەنها كات بە فیرۆدانە و بە هەدەردانی ووزە و بێ هیوابوونە لە پاشە ڕۆژ.
هەموومان ئەوە دەزانین بە دەست هێنانی ئامانجەكان و سەركەوتن بەدی نایەت بۆ ئەوانەی دانیشتوون و هەر چاوەڕێ دەكەن، بەڵكو بە پیرئەوانەوە دێت كە لە دڵەوە كار دەكەن و بەوپەڕی دڵسۆزی تێ دەكۆشن و مكوڕن لە سەر هەوڵدان و كۆشش كردن، بۆیە نابێ بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری خەونەكانمان بین و خۆمان بەدەستەوە بدەین و نا ئومێد بین، هەر كەسێ ئامانجێكی دیاری كراوی هەبێت، پێویستە هەوڵی بۆ بدات و شەونخوونی بۆ بكات و بۆی ماندوو بێت بێ شك دەگاتە ئامانج.
قوتابیانی ئازیز پەڕینەوە و دەرچوون لە قۆناغێك بۆ قۆناغێكی تر بە خۆزگە خواستن و خەیاڵ بلاوی نایەتە دی و دەبێ بەگەش بینیەوە و بە ئیرادەی پۆڵاینەوە كاتی بۆ تەرخان بكەی بۆ خوێندن، شەونخوونی بكەی لەگەڵ پەرتووك و خامەكەت بخوێنێ‌ و بنوسی و هەوڵ بدەی و سەركەوتن بەرامبەرتە و چەند هەنگاوێك لێت دوورە و گەیشتن بە سەركەوتن زۆر بە ئاسانی دێتە دی گەر خۆت ماندوو كرد و شەونخوونیت كرد،
دەبێ ئەوە بزانین ئەوەی ئەوڕۆ قوتابی خۆی بۆی ماندوو دەکات ئەنجامی دەدات بۆی دیاری دەكات سبەی دەبێتە چی؟ و لە كێ دەبێت؟ وە چۆن دەبێت؟ كەواتە ئێستا قوتابی لە شوێنی كاركردن و بڕیاردان و دیاری كردنی پاشەڕۆژەكەی دایە دەبێ ووشیار و بە ئاگا بێت. متمانەی بە خۆی هەبێت و هێزی خۆی دیاری بكات و لە ماڵەكەی و لە ژوورەكەی لەگەڵ پەرتووكەكەی بڕیاری خوێندن و دەرچوون بدات و پێشەنگ بێت و دوا نەكەوێت ئەوە سەفەر و ئۆغری هەمووان بووە و گەشتی مێژوویی لێرەوە دەست پێ دەكات. ئەو گەشتەش پڕە لە ماندوو بوون و شەكەتی و بێزاری، بەڵام ئامانجەكەی مایەی شكۆمەندی سەربەرزییە ئەوەش بزانە هەر ئێش وئازار و ژانێك كە هەبێت كاتییە و لە بیر دەكرێت، تەنها ژان و ئازاری خۆ بەدەستەودان و ڕەنج بەخەساری و نائومێدی هەر لەگەڵت دەمێنێتەوە بەبەردەوامی و لە یاد ناكرێ، بۆیە دەبێ هەمیشە بەرگەی ئازار و ژانی كاتی بگری ماوەیەكە و لە یاد دەكەی . لە كۆتاییدا نە ژان دەمێنێ‌ و نەماندووبوونی ئەوەی دەیچێژی بەرهەمیەتی ئەویش سەركەوتن و دەرچوونتە و لەگەڵت دەمێنێـتەوە، شكۆمەندانە و سەربەرزانە ویژدانت ئاسودەیە و دڵت خۆشە و شانازی بەم سەركەوتن و دەستكەوتانە دەكەی لە مێژوویی ژیانتدا تۆماریان دەكەیت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top