بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە تریفە پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبات  

بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە  تریفە پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبات   

 

تریفە كە قوتابی قۆناغی ئامادەییە، دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەوێتە داوی كوڕێكی تاوانبارەوە، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات. خوشكی ئەو كچە قوربانییە باسی وردەكاریی رووداوەكە بۆ گوڵان دەكات و ئەوەش دەخاتەڕوو كە كوڕەكە لەلایەن پۆلیسەوە دستبەسەر كراوە، مەبەستی لە گێڕانەوەی رووداوەكەش خۆی گوتەنی تەنیا بۆ پەندوەرگرتنی كچان بووە، هەتا تووشی هەڵەی لەو شێوەیە نەبن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

تریفە كچێكی تەمەن 17 ساڵان و قوتابیی پۆلی 10ی بنەڕەتییە، پێش چەند مانگێك ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئێستادا بە روخسارێكی شێواو درێژە بە ژیان دەدات. ئەو وەك زۆربەی كچانی هاوتەمەنی گیرۆدەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووە و لە رێگەی فەیسبووكەوە كوڕێكی بە ناوی ئاسۆ ناسیوە كە تەمەنی 37 ساڵە و بە فێڵی خۆشەویستی خستوویەتە داوی خۆیەوە و دواتر بەردەوام داوای پارەی لە تریفە كردووە.

خوشكی تریفە كە خۆی بە خوناو ناساند، لە بارەی بەسەرهاتی خۆشكەكەیەوە تایبەت بۆ گوڵان بەمجۆرە هاتەئاخاوتن: «بەداخەوە من سەفەری ئەوروپام كردووە و لەوێ نیشتەجێم، بۆیە لە خوشكە بچووكەكەم دوور بووم كە ئەو هەموو شتانەی بەسەرهات. سەرەتا دەمەوێ بڵێم: مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتەی خوشكم، تەنیا ئەوەیە كە كچانی نیشتمانەكەمان پەند لەو رووداوە وەربگرن و هەرگیز تووشی هەڵەی وا گەورە نەبن كە دواڕۆژی خوشكمی سووتاند. زۆر بەداخەوە خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر تاوانی گەورەی لێ كەوتووەتەوە و ژیانی سەدان كەسی خستووەتە مەترسییەوە كە خوشكەكەی من یەكێكە لەوانە، لە راستیدا دوای ئەوەی تریفە دەكەوێتە داوی خۆشەویستیی ئاسۆ، كە تەمەنی 20 ساڵ لە تریفە گەورەترە، ئاسۆ داوای وێنەی لێ دەكات، بەڵام تریفە رازی نابێ، چەندین جار داواكارییەكەی رەتدەكاتەوە، بەڵام كوڕەكە بە فێڵ و سۆزدارییەكی ساختە بەردەوام تكای لێدەكات، دواتر تریفە وێنەیەكی خۆی بۆ دەنێرێت. خوشكم تەنانەت لە فەیسبووكی خۆی وێنەی خۆی دانەنابوو. هەرگیز نەچووتە جێژوان و رازی نەبووە كوڕێكی نامەحرەم ببینێت. نازانم چۆن فریوی ئەو كوڕە نامەردەی خوارد، ئەویش بە بێ ئەوەی لە نزیكەوە چاوی پێ بكەوێت. پاش ماوەیەك ئاسۆ لێی دەپاڕێتەوە كامێراكەی بۆ بكاتەوە، دیسان تریفە رازی نابێت، بەڵام دوای چەندین جار پێداگری و تكا و پاڕانەوە رازی دەكات بە كردنی ئەو كارە، دواتر جارێكیان بە سوێنددان و پاڕانەوەی زۆر داوای لێكردووە جلەكانی دابكەنێ، كە تریفە بەوە رازی نابێت، كوڕە پێی دەڵێت: دیارە تۆ منت خۆش ناوێت و ئیدی پەیوەندیمان با كۆتایی پێ بێت، ئەمجارەش تریفە رازی دەكات و لەبەردەم كامیرا بەشێك لە سینگی رووت دەكاتەوە و ئەویش بە دزییەوە چەند وێنەیەكی لێ دەگرێت. بە حوكمی ئەوەی باری داراییمان زۆرباشە، كوڕە ئەمە بە هەل دەزانێت و ناوە ناوە داوای پارەی لە تریفە كردووە، جاری یەكەم 500 دۆلار و جاری دووەم 1000 دۆلار، دواجاریش داوای یەك دەفتەر دۆلاری كردووە، ئەمجارە تریفە ناتوانێ ئەو هەموو پارەیە پەیدا بكات، جارەكانی پێشوو بڕەكە ئەوەندە زۆر نەبووە و ئەو پارەكەی لە ماڵەوە دزیوە، بەڵام ئەمجارە دەڕواتە لای دایكم بەسەرهاتەكەی بۆ باس دەكات، ئەویش بۆ باوكمی دەگێڕێتەوە، باوكم پیاوێكی تێگەیشتووە و كەسێكی ئارام و لەسەرخۆیە، دوای زانینی كێشەی كچەكەی یەكسەر لە دادگا سكاڵا لەسەر كوڕەكە تۆمار دەكات و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت، داوا لە تریفە دەكەن پەیوەندی بە ئاسۆوە بكات بۆ وەرگرتنی پارەكە وەكو جارەكانی پێشوو، لەولاشەوە هێزێكی پۆلیس بە جلی مەدەنی لەبۆسەدا دەبن و ئاسۆ دەستگیر دەكەن، ئاسۆ لە دادگا ددان بە تاوانەكەیدا دادەنێت. بەڵام براكەم زۆر لە تریفە تووڕە دەبێت و سوێندی لێ دەخوات مۆبایل و ئینتەرنێت و تەنانەت قوتابخانەشی لێ قەدەغە بكات، زۆریشی لێ دەدات، دەرەنجام تریفە لە حەوشەی پشتەوە ئاگر لەخۆی بەردەدات، بەڵام دایكم زوو دەیكوژێنێتەوە، دوای مانەوەی زیاتر لە دە رۆژ لە نەخۆشخانە تریفەیان گەڕاندەوە ماڵەوە، بەڵام روخسار و مل و گەردەنی زۆر خراپ شێواوە.»

باران محەمەد چالاكی مافناس، لە رووی یاساییەوە هەڵسەنگاندن بۆ كێشەكە دەكات و دەڵێت: «ئەگەر بێت و كەسێك هەڕەشە لە كەسێكی دی بكات بەوەی وێنەی بڵاو دەكاتەوە، ئەوا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارەی 111 ساڵی 1969 ماددەی 430، ئەو كەسە سزادەدرێت بە زیندانیكردن كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، بەڵام ئەگەر تاوانەكە لە رێگەی ئامرازە ئەلیكترۆنییەكانەوە بوو، وەك مۆبایل و فەیسبووك و ئینستاگرام و . هتد، ئەوا راستەوخۆ تاوانەكە دەچێتە قاڵبی تاوانە گشتییەكانەوە، دەبێ بە زرووفی مشەدەد، واتا سزاكەی قورستر دەبێت. تاوانەكە تاوانێكی (جنائی)یەو بە ئامێرە ئەلكترۆنییەكان ئەنجام دراوە. لێرەدا تاوانبار هیچ زرووفیكی (مخفف) نایگرێتەوە، لەم حاڵەتە ئەگەر تاوانەكە سەلمێندرا قورسترین سزای تاوانبار دەدرێت لەلایەن دادوەرەوە، سزای تاوانباریش بەپێی یاسای سزادانی عێراقی و ئەو واقیعەی كە رووی داوە لەلایەن دادەرەوە دیاری دەكرێت.»

 

بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە  تریفە پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبات   
Top