پێویستە پشتگیری تیپی كچانیش بكرێ

پێویستە پشتگیری تیپی كچانیش بكرێ

ئارینا سەمیر گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتمانی عێراق
لە ئێستادا بەشێك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بەیارییەكانی فوتساڵ و بەشێكی كەمیش تەنیا یاریزانەكانیان بەشداری یاریگای گەورە دەكەن. یاریزانانی كوردستان بەردەوام لە ئاستی بەرزدان و ریزی هەڵبژاردەی عێراقی داگیر دەكەن بە هۆی ئەو ئاست بەرزییەیان ، یانەی وەرزشیی ئەفرۆدێت یەكێك لەو یانانەی كە گرینگی زۆر بە یاری تۆپی پێی دەدات لە خولەكانی كوردستان، لە پارێزگای سلێمانیش گرینگی زۆر بە وەرزشی ئافرەتانیش دەدرێت وەكو سەرجەم وەرزشەكانی تر، چەندین كچە یاریزانی بەتوانا هەیە كێبڕكێ ئاست بەرزی دەكەن لە سەر ئاستی پارێزگاكە ، لە یاری فوتساڵیش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە كە ئێستا بۆ یانەكانی دەرەوەی شارەكەیان یاری دەكەن و خاوەن ئاستێكی بەرزن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراقیش ئەویش گۆڵپارێز ئارینا سەمیر-ە لەدایك بووی ساڵی 2007 پارێزگای سلێمانیە قوتابی پەیمانگای وەرزشیە و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی كچانی تۆپی پێی عێراقییە، لە خولی كوردستان یاری بۆ یانەی ئەفرۆدێت دەكات و لەخولی عێراقیش بۆ ئەمانەی بەغداد ، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*بۆچی لە نێو ئەم هەموو یارییە وەرزشییە یاری تۆپی پێی هەڵبژارد؟
- من جگە لە یاری تۆپی پێی پێی خولیای وەرزشی تریشم هەبووە، بەڵام من خۆم لەم یارییە دۆزییەوە بە تایبەتی گۆڵپارێزی هەر بۆیە تۆپی پێشم هەڵبژارد ئەم یارییە یارییەكی جیهانییە زۆرترین جەماوەری هەیە لە سەر ئاستی جیهان.
*بە بۆچوونی خۆت وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە زیاتر كێبڕكییە تۆپی پێی؟
- ڕاستە وەرزشێكی قورسە و كێبڕكێ باشی تێدایە سەرەڕای ئەوەش دڵنیام لە تواناكانی خۆم، بتوانم جێگای خۆم بكەمەوە لە ناو یانەكان بەڵگەش بۆ قسەكانم لە ماوەی سێ‌ مانگی لە مەشق كردنم بوومە گۆڵپارێزی یەكەمی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراق.
*بۆچی ئاستی یاری تۆپی پێی وەكو پێویست نییە؟
- چەندین بەهرەمەند هەیە لە عێراق و كوردستان كە ئەم یارییە هاندەرەو و ناوبانگی هەیە، بەڵام بەهۆی گرنگی نەدانی یانەكان و بەرپرسانی وەرزشی ئەمانە هۆكارن كەوا زیاتر گرنگی بە تیپی كوڕان بدرێ نەك كچان، كەچی زۆربەی كچە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق كچی كوردن كە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ‌ كە تیپی تۆپی پێی كچان وەكو پێویست گرنگی پێ نادرێ، یاریزانەكان خۆیان گرنگیان بەخۆیان دەدا و گەیشتنە لوتكە.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكرێ لە شارەكان بە تایبەت بۆ كچان؟
- زۆر ڕاستە پێشوازی هەیە، بەڵام گرنگی نییە لەلایەن یانەكانەوە ئەگەر نا چەندین یاریزانی كچی بەهرەمەند و ئاست بەرز هەیە،بەڵام بەهۆی گرنگی دانی زیاتر بە كوڕە بۆیە وایە.
*ئاستی یاری فوستاڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- ئاستی ئەم یارییە باشە لە كوردستان  ناوبانگی باشی هەیە لە ڕووی هونەریش لە ئاستێكی باشە، زۆربەی یانەكانی كوردستانیش فوتساڵیان هەڵبژاردە لە بڕی تیپی تۆپی پێی یاریگای گەوران تا ئێستاش تیپێكی گەوران نییە،بەڵام فوتساڵ پاڵەوانێتی هەیە و یاریگای پێویستیش هەیە.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- ئەو گرنگییەی بۆ تیپی كوڕان دەكرێ لەگەڵ پێدانی گرێبەست بیدەن بە تیپی كچان زۆر باشتر دەبێ و پێویستە پشتگیری تیپی كچانیش بكرێ، بڕوانە تیپەكانی كچان وەكو كوڕان، یانەكانیش پشتگیری كچان بكەن بۆ زیاتر پێشكەوتنی.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-لە گرنگی دانی زیاتر بە تیپەكانی كوڕان دەدرێ نەك كچ، كە ئەمەش گرفتێكی زۆر گەورەیە بۆ ئەم یارییە، ئەمەش زیاتر بەرپرسانی وەرزشییە كەوا ئەم گرنگییە بەوان دەدەن.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-بتوانم ببمەگۆڵپارێزێكی پیشەگەر و بچمە دەرەوەی ووڵات وەرزش ببێتە پیشەم ، یەكەم كچە یاریزانی كوردم لە شاری سلێمانی بتوانم نوێنەری ووڵاتی خۆم بكەم بەم تەمەنە بچووكەوە لە هەڵبژاردەی عێراق ئەوەش شانازییە بۆمن..
*گرێبەستت بۆ هاتووە لەلایەن یانەكانی تر؟
-بەلێ چەندین گرێبەستم بۆ هاتووە لەلایەن یانەكانی بەشدار لە خولی عێراقی، ئێستا من گۆڵپارێزی ئەفرۆدەیتم و گرێبەستم لە یاریگای گەورە بۆ هاتووە لە لایەن یانەكی عێراقی.
* یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی كچانی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-بەڕاستی هەستێكی خۆشە بەم ماوە كەمە و بەم تەمەنە بچووكە ببمە گۆڵپارێزی یەكەمی هەڵبژاردەی عێراقی و ببمە جێگای متمانەی ڕاهێنەران و سەرنجی وانم بۆخۆم ڕاكێشاوە بەهۆی ئەو حەماسەتەی كەهەمە و بە شانازی دەزانم سوپاسی مامۆستا عەباس دەكەم كە ئەو منی گەیاندە ئم ئاستە
*خەونی وەرزشیت چیە؟
-خەونی من ئەوەیە زیاتر بتوانم خۆم بەرەوپێشببم و بكەمە ئاستێكی بەرزتر.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە زۆرە، سوپاس بۆ دەستەی ڕاهێنەرانم كاپتن عەباس و كاپتن كازم و خانەوادەكەم و هاوڕێیانم كە بەردەوام هاوكارن

Top