سروە عوسمان: ئامانجم ئەوەیە هەلی كار بۆ خانمانی دەستڕەنگین و كارجیاواز بڕەخسێنین

سروە عوسمان:  ئامانجم ئەوەیە هەلی كار بۆ خانمانی دەستڕەنگین و كارجیاواز بڕەخسێنین

 

سروە عوسمان خانمە گەنجێكی دەست و پەنجە ڕەنگینە و خاوەنی كۆمەڵێك بەهرەی جۆراوجۆرە و لە بواری كاری دەستیدا توانایەكی باشی هەیە، لە ئێستادا سەرپەرشتیاری گرووپی خەیاڵی خانمانە كە تایبەتە بە كاری دەستی و بەهرەی خانمانی دەستڕەنگین.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سروە عوسمان دانیشتووی شاری سلێمانییە و هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە كارگێڕی كار وەك خۆی باسیدەكات هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی وێنەكێشان و كاری دەستی هەبووە، دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ بەهرەكانی وەكو ڕێگەیەك بۆ چوونە ناو دنیای كار و بزنس بەكارهێناوە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كارەكەی بۆ خوێنەران باس دەكات.

«هەر لەمنداڵییەوە ئارەزووی وێنەكێشان و كاری دەستیم هەبووە، خاوەنی كۆمەڵێك كاری هونەریم وەك تابلۆی زەیتی، كێشانی زەخرەفە، دروستكردنی مۆمی بۆندار، كاری حەجر فەڕەنسی، جوانكاری ناوماڵ و شوێنە گشتییەكان، دیزانكردنی نەخشی خەنە، كاری ئێكسسواری خانمان، دیزاینكردنی كڵاوزەڕ، كاری ڕایزن و سیرامیك و دروومان».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا لە ئێستادا بە چییەوە سەقاڵە ئەو گوتی: «سەرپەرشتیاری(گرووپی خەیاڵی خانمان ) م بۆ كاری دەستی و بەهرەی خانمان، كە لە 5/3/2019 یەكەم چالاكیمان لەم گرووپەدا ئەنجامدا، دواتر لە 8/8/2019 گرووپەكەمان ڕاگەیاند، بەردەوام ساڵانە بەشداری زۆرترین چالاكی و فیستیڤاڵ و پێشەنگا دەكەین، لە سەرانسەری كوردستان بەتایبەت پارێزگای سلێمانی و شاروشارۆچكەكانی بۆ پارێزگای هەولێر و هەڵەبجە چەندین جار بەگرووپ بەشداریمان كردووە» .

سروە عوسمان سەبارەت بە سەرەتای دەستپێكردنی كارەكانی دەڵێت: «بەردەوام ساڵانە بەشداری چەندین فێستیڤاڵ و چالاكی قوتابخانەكانم لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا كردووە، مامۆستاكان بەخۆشحاڵییەوە زۆر هاوكارم بوون و دەیانزانی كە دەستڕەنگینم و كاری هونەری دەكەم، دوای تەواو كردنی قۆناغی زانكۆ لەساڵی 2016 بە تەواوی خۆم یەكلایی كردەوە بۆ كارەكەم چونكە ئەوە خەونی منداڵیم بوو، یەكەمجار بە كاری تابلۆ نەخشاندن دەستمپێكرد، سوپاس بۆ خوا ئەنجامێكی زۆرباشی هەبوو و لەلایەن كڕیارەكانەوە پێشوازییەكی باشی لێكرا، ئەوەش وایكرد هەم زیاتر دڵم   كارەكەم خۆش بێت و هەمیش داهاتێكی ماددی بە دەستبێنم، لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا زۆرترین بەشداریم لە چالاكییەكاندا هەبووە، لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەتایبەت ئیدارەی سلێمانی».

سروە عوسمان لەبارەی ئامانجی دروستكردنی گرووپی خەیاڵی خانمان گوتی: «سەرەتا كۆمەڵێك خانمی دەستڕەنگین بۆ سەرپەرشتیاری گرووپەكە هەڵیان بژاردم، سوپاس بۆ خوا لە ئێستادا گرووپەكەمان لە سلێمانی زۆر ناسراوە، ئەویش بەهۆی كارە جوان و جیاوازەكانی خانمانی دەستڕەنگینەوە بوو، یەكێك لە مەرجەكانمان گرنگیدانە بە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی و ناساندنی كلتووری نەتەوەییمان، ئامانجم لە سەرپەرشتیكردنی گرووپەكە ئەوەیە كە بۆ خانمانی دەستڕەنگین و كارجیاواز هەلی كار بڕەخسێنین و بەرهەمە دەستكردەكانیان بە بازاڕ بكەین و ساغیان بكەینەوە، بۆ ئەوەی بۆیان ببێتە سەرچاوەی داهاتێك، چونكە كۆمەڵێك كچە گەنجی دانەمەزراو لە گرووپەكەماندا بەشدارن كە خاوەن بڕوانامەی زانكۆ و پەیمانگان، هاوكات كۆمەڵێكیش لە ژنی ماڵەوەمان لەگەڵدایە كە پێویستییان بە دەرفەتی كارە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە یارمەتی خێزانەكانیان بدەن».

سروە عوسمان:  ئامانجم ئەوەیە هەلی كار بۆ خانمانی دەستڕەنگین و كارجیاواز بڕەخسێنین
سروە عوسمان:  ئامانجم ئەوەیە هەلی كار بۆ خانمانی دەستڕەنگین و كارجیاواز بڕەخسێنین
سروە عوسمان:  ئامانجم ئەوەیە هەلی كار بۆ خانمانی دەستڕەنگین و كارجیاواز بڕەخسێنین
Top