وەزیری بەرگری تورکیا لە هەولێرە؛ سبەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

وەزیری بەرگری تورکیا لە هەولێرە؛ سبەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

دوای کۆتاییهێنان بە سەردانەکەی بۆ بەغدا، وەزیری بەرگریی تورکیا گەیشتە هەولێر و بڕیارە سبەی بەجیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
 
لەبارەی سەردانەکەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا کرد".
 
وەزیری بەرگری تورکیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سبەی کاژێر 09:30ـی بەیانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
هەر لە سەردانەیەکەیدا بۆ هەولێر، بڕیارە یەشار گولەر لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 
 
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەو بابەتانە دەبن لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ دەکرێن. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمشەو 6-2-2024 بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا دوای زنجیرەیەک دیدار لە بەغدا، گەیشتوونەتە هەولێر.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمی ئەو وەزارەتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "وەزیری بەرگری یاشار گولەر و سوپاسالار مەتین گوراک، دوای تەواوکردنی دیدارەکانیان لە بەغدا گەیشتنە هەولێر".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەروەها گرتەڤیدیۆی ساتی گەیشتنی شاندەکەی بۆ هەولێر بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێدەکرێت.
 
سوودانی: بۆ بەکارنەهێنانی خاکی عێراق دژی تورکیا رێوشوێن گیراوەتەبەر
 
لە بەغدا وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندەکەی بەجیا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، لە کۆبوونەوە لەگەڵ یەشار گولەردا تاوتوێی هاوئاهەنگی ئەمنی و سەقامگیری هەردوو وڵات کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی، "عێراق پابەندە بە پرنسیپە دەستوورییەکان کە رێگە لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دەگرێت؛ هەروەها چەندین رێکاریش لەوبارەیەوە بەتایبەت لە سنووری نێوان عێراق و تورکیا گیراونەتەبەر."
 
هەروەها لە بابەتی ئابووری و بازرگانی، محەممەد شیاع سوودانی بە گرنگی زانیوە هاوئاهەنگی بکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەکو "رێگەی گەشەپێدان" کە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر و رێگەی خێرایە کە بەندەری گەورەی فاو لە بەسرە بە سنوورەکانی تورکیاوە دەبەستێتەوە.
 


 
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری بەرگری تورکیا: دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن

دوای کۆبوونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و یەشار گولەری وەزیری بەرگری تورکیا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە کە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن، نەوەک بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانیان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆککۆمار بە پێویستی زانیوە رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت و پێشێلکارییە سەربازییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان رابگیرێن و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی وتوێژەوە چارەسەر بکرێن".
 
سەرۆکایەتی کۆمار دەڵێت، هەردوولا لەبارەی قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی قسەیان کردووە. بەپێی راگەیێندراوەکە، "سەرۆککۆمار باسی ئەو رێکارانەی کردووە کە بوونەتە هۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و شارەکانی تورکیا"؛ ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەو رێکارانە دەبنە هۆی تێکدانی هاوئاهەنگیی هاوبەش و رێگری لە هەوڵەکانی بەردەوامبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
 
قاسم ئەعرەجی: ئاڵوگۆڕی زانیاری ئەمنی و هەواڵگری بەردەوام بێت
 
هەروەها دوای کۆبوونەوەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و وەزیری بەرگری تورکیا، نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنییان تاوتوێ کردووە و جەختیان کردووەتەوە لە بەردەوامی هاوکاری ئەمنی.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێوەڕۆکی دیدارەکەیان دۆسێیەی ئەمنی بووە. لەوبارەیەوە هاتووە، "ویستێکی راستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهاتنی ئەم دۆسێیە [دۆسێی ئەمنی]، ئەوەش لە رێگەی هاوکاری ئەمنی، هەواڵگری، ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و راوەدوونانی تیرۆریستان".
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاسایشی ئاو کراوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دۆسێی ئاو گرنگییەکی گەورەی بۆ عێراق هەیە. پێویستە عێراق بەشە ئاوی خۆی پێ بدرێت، ئەوەش لە رێگەی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵاتەوە".
 
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگریی تورکیا گوتوویەتی، "تورکیا هەوڵی گەورە دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بۆ لە نێوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکان".
 

Top