حەزم لە كێبڕكێیە بۆیە تۆپی پێشم هەڵبژاردوە

حەزم لە كێبڕكێیە بۆیە تۆپی پێشم هەڵبژاردوە

داناس ئاراس یاریزانی تۆپی پێی كچانی هەڵبژاردەی عێراق

حەزم لە كێبڕكێیە بۆیە تۆپی پێشم هەڵبژاردوە
كچە یاریزانانی كوردستان لە یاری تۆپی پێی یاریگای گەوران لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە ریزی هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆپی پێی عێراقین، بەهۆی ئاست بەرزیان ڕاهێنەران وكارگێڕانی تۆپی پێی عێراقیان ناچار كردوە گرنگی بە تواناكانیان بدەین، كچانی قەزای دوكانیش بەردەوام لە یاری تۆپی پێی جێگای دەستیان دیار بووە لە تیپەكانی عێراقی ، لە یاری فوتساڵیش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە كە ئێستا بۆ یانەكانی دەرەوەی شارەكەیان یاری دەكەن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێرا قیش ئەویش داناس ئاراس-ە ،ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2007 قەزای دووكانە و ئێستاش لە خولی نایابی فوتساڵی كوردستان یاری بۆ یانەی دوكان دەكات لە خولی عێراقیش بۆ شەهرەبان و پیشووتریش بۆ یانەكانی بیلادی و فێرگەی تانیا یاری كردوە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو بڕیارت دا یاری تۆپی پێی هەڵبژارد؟
- یاری تۆپی پێم هەڵبژاردوە، چونكە حەزوخولیام بۆی هەیە لە خەونەكانم كە ببم بە یاریزانێكی باش و دیار لە عێراق و دەرەوەی عێراقیش,
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كەزیاتر كێبڕكییە؟
- حەزم لە كێبڕكێیە بۆیە تۆپی پێشم هەڵبژاردوە كە كێبڕكێ زۆری تێدایە و ئەمەش زیاتر چێژ دەبەخشێ و تایبەتە.
*بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویست نییە؟
- لە بەر باری دارایی یانەكان ئەو پشتگیرییە نەكراوە، وە گرنگی پێ نادن لە لایەن خانەوادەكانەوە.
*هەست ناكەی پێشوازی باش لەم یارییە نەكراوە لە شارەكان بە تایبەت بۆ كچان؟
- لە چاو پێشوودا لە بەرەوپێشچونە، ژمارەی یانەكانیش زیاتر بووە، وە وەرزشكاری كچیش ڕووی لە زیاد بوونە كە ئەوەش كارێكی دڵخۆشكەرە لە چاو پێشوودا كە بەباشی پێشوازی لێ نەكراوە.
*ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-لە ئاستێكی زۆر باش دایە و پێشكەوتووە، بەڵام دەێت زیاتر گرنگی پێ بدرێت، چونكە یاریزانی زۆر باش هەیە لەم یارییە .
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئەم یارییە و هێنانی ئافرەتی وەرزشكار بۆ ناو ئەم یارییە؟
-دەبێت پشتگیری بكرێن و دەرفەتیان پێ بدرێت و زیاتر گرنگی بە ئافرەتی وەرزشكار بدەین و زیاتر بەرەووپێشیان ببەین.
*لە دوو خول یاری دەكەی كوردستان و عێراق كامەی بەهێزترە؟
-هەردوو خولەكە بەهێزن و بڕ لە كێبڕكێن، بەڵام خولی كوردستان بەهێزتر و بە چێژترە، چونكە یاریزانی زۆر باش و بەتوانمان هەیە.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-ئەو خولیا و ئامانجەی هەمە بەدی بهێنم و زیاتر گرنگی بە ژیانی وەرزشی بدەم و زیاتر بەوو پێشی ببەم.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- گرفتی ئەم یارییە لەوەدەبینم كە پاڵپشتی ماددی ناكرێن، ئەگەر پاڵپشتی ماددی بكرێن ئەوە وەرزشی كچان لە ئێستادا زۆر بەرەوو پێشتر دەچێت.
*خەونی تۆ وەكو كچە وەرزشوانێك چیە؟
-خەونی من وەك كچە وەرزشكارێك زۆرە، یەكێك لە خەونەكانم كە ببم بە باشترین یاریزان لە دەرەوەی عێراق.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لە یانەكانی عێراقی؟
-بەلێ چەندین گرێبەستم بۆ هاتووە، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ یانەی شەهرەبانم.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-هەستێكی زۆر خۆش و نایابە كە بە ناوی ووڵاتەكەم یاری بكەم و هەستێكی نەتەوەیت پێ دەبەخشێ شانازی و سەربەرزییە بۆمن كە بتوانم ناوی ووڵاتەكەم هەڵبگرم و یاری بكەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەموو خزمەتە، هەوڵدەدەم لە داهاتوودا ببەمە باشترینی عێراق و دەرەوەی عێراقیش بە پشتیوانی خوای گەورە.

Top