نەجەف دەستبەرداری سەرهەنگ نەبوو بگەرێتەوە هەولێر

نەجەف دەستبەرداری سەرهەنگ نەبوو بگەرێتەوە هەولێر

نەجەف دەستبەرداری سەرهەنگ نەبوو بگەرێتەوە هەولێر
هەر چەندە سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی پێشووی یانەی وەرزشی هەولێر ماوەی چەند وەرزێكە ریزی یانەی وەرزشی هەولێری جێهێشتووە، بەڵام كارگێڕیی یانەكەی پایتەخت نیازی گەڕانەوەی ئەم گۆڵپارێزەی دابوو بە ئامانجی دووبارە پارێزگاری كردن لە گۆڵەكەیان، بەڵام كارگێڕیی یانەی نەجەف بە توندی وەڵامی گۆڵپارێزە كوردەكەیان داوە كە رێگەی ڕۆیشتنی نادەن، لەم بارەشەوە سەرهەنگ موحسین بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" بەڵێ گەڕانەوەم بۆ یانەی وەرزشی هەولێر تەواو فەرمی بوو بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەرێمەوە ریزی یانەكەی پێشووم، لە بارەی هۆكارەی ڕەتكردنەوەی لەلایەن یانەی نەجەفیش سەرهەنگ گوتیشی"چونكە من گۆڵپارێزی سەرەكی یانەكەم، گرێبەستی یەك ساڵیشم لەگەڵیان هەیە، كاتێك لە شاری بەسڕاش بووین لەگەڵ سەرپەرشتیاری تیپ و سەرۆكی یانە و ڕاهێنەری یانەكەش دانیشتبووین باشی ئەو بابەتەم كرد، دڵگرانی لێكەوتەوە و بە توندی ڕەتیان كردەوە كە دەستبەرداربم ببن، لە بارەی هەبوونی گرێبەستی تریش ناوبراو گوتی" بەدەگمەن ڕوو دەدات لە گواستنەوەی زستانە گرێبەست بۆ یاریزان بێت ئەوەی هەیە لە سەرەتای خولە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی بابەتی من لەگەڵ هەولێر، بۆ ئەم مەبەستە دوو یانەی تر پەیوەندییان كرد، یانەیەكیان لە ڕێگەی دەستەی ڕاهێنەران داوایان كردم، سەبارەت بە یانەكەی تر ئەویش بەرێوەبەری كارێك بوو، وەڵامی من بۆ هەردوو لا ئەوە بوو بابەتی ڕۆیشتنم ئەگەر لە نەجەف ڕووبدات لە ئێستادا تەنیا دەربارەی هەولێر و دۆخی یانەكەیە، ئەگینا من لەگەڵ یانەی نەجەف ئاسودەم و هیچ كێشەیەكم نییە، لە بارەی یاری كردن وەكو گۆڵپارێزی یەكەم و دووەمیش سەرهەنگ گوتیشی" لە وەرزش شتێكمان نییە بە ناوی گۆڵپارێزی یەكەم و دووەم، یانەكانیش كار بە ئاست و لێهاتوویی دەكەن، كێ متمانەی ڕاهێنەری بەدەستهێنا با سەرەكی بێت. یانەی هەولێر دوایی ڕۆیشتنی جولی و رێبازی گۆڵپارێزی یەكەم و دووەمی یانەكە پەنای بۆ گۆڵپارێزێكی دیكەی عەرەب بردوە.
كارزان كانەبی

Top