دییە فازڵ: هەوڵ دەدەم كارەكەم گەورەتر بكەم و هەلی كاری زیاتر بۆ خانمان بڕەخسێنم

دییە فازڵ:  هەوڵ دەدەم كارەكەم گەورەتر  بكەم و هەلی كاری زیاتر  بۆ خانمان بڕەخسێنم

 

 

دییە فازڵ، خانمە گەنجێكی دەستڕەنگین و دەرچووی كۆلێژی بازرگانی، بەشی زانستی دارایی و بانك/ لە زانكۆی سلێمانییە و خاتوونێكی بەسەلیقەیە و ماوەی چەند ساڵێكە خوێندنی تەواو كردووە. بەڵام دەرفەتی دامەزراندنی لە هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە. وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی دوو ساڵە بە پاڵپشتیی هاوڕێكەی كاری ڕازاندنەوە و دیزاینكردنی وردەكاریی ئاهەنگ و بۆنەكان دەكات. ئەو خاتوونە بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی و تێكەڵبوون بە بازاڕ بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

دییە فازڵ، خانمە گەنجێكی دەستڕەنگینی شاری سلێمانییە و خاوەن بڕوانامەیە و ماوەیەكە تێكەڵ بە بازاڕی كار بووە. لەو بارەیەوە دەڵێت: «من دەرچووی كۆلێژی بازرگانی، بەشی زانستی دارایی و بانك/ لە زانكۆی سلێمانیم، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە تەخەروجم كردووە و هیچ هەلی كارێك نەبووە. لە سەرەتادا كاری خۆبەخشیم زۆر كردووە، تا وای لێهات ماوەیەك لەگەڵ هاوڕێیەكم دەستم كرد بە كار بە هەوڵی خۆم و پشتگیریی هاوڕێكەم هەنگاوی یەكەمم هەڵگرت و وتم دەبێت خۆم ببمە خاوەن كار و كاری سەربەخۆی خۆم بكەم، بیرم كردەوە كە ئیشێك بكەم ببێتە مایەی دڵخۆشیی خەڵك، دواجار ئەم كارەم هەڵبژارد، ماوەی دوو ساڵە دەستم بەم كارە كردووە و بە شێوازی ئۆنلاین لە ئیستادا لە ماڵەكەی خۆماندا كار دەكەین و لە ڕێگەی مەسجەوە یان پەیوەندی ئاگادار دەكرێینەوە، لە ماوەیەكی دیاریكراودا بۆیان ئامادە دەكەین و بە زووترین كات بۆیان دەنێرین».

 ئەو خاتوونە كاری ڕازاندنەوە و دیزاینكردنی وردەكاری و جوانكارییە بۆ ئاهەنگ و بۆنەكان، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «كاركردنی سەرەكیی ئێمە ڕازاندنەوەی نەستەلەیە بۆ بۆنەكان، كار لەسەر دابەشكردنی لە بۆنە و ئاهەنگەكان، ئیتر بە هەر دیزاین و شێواز و ڕەنگ و ڕازاندنەوەیەك كڕیارەكانم بیانەوێت، واتا لەسەر خواستی كەسەكان كارەكانیان بۆ ئەنجام دەدەین، بۆنەكانیش زیاتر بریتین لە بەیبی شاوەر، مارەبڕین، خەنەبەندان، خوێندنەوەی مەولوود، ئاهەنگی دەرچوون، بابەتەكانی حەج و عومرە و دیاری بۆ كەسانی تایبەت».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە سەرەتای كاركردنت كێ بوون ئەوانەی هاندەر و پاڵپشتت بوون؟ گوتی: «سەرەتای هەموو كارێك قورسە و بە زەحمەتی زۆردا تێدەپەڕیت و هەرگیز یەكسەر ناگەیتە سەر قازانج، بەڵكو لە سەرەتادا تەنیا كار لەسەر ئەوە دەكەیت، كە متمانەی خەڵك بە دەست بهێنیت و جێگەی خۆت بكەیتەوە لە دڵی خەڵكدا تا ئەو متمانەیەت پێ ببەخشن و خۆشیی ئەو ڕۆژەیان بەو كارە وردانەی بۆیان دەكەین، پێمان بسپێرن. لە سەرەتادا هاوڕێكەم زریان و هەروەها خوشكەكەم و هاوسەرەكەم زۆر پاڵپشت و هەمیشە یارمەتیدەرم بوون، ئێستاش لەگەڵ هاوسەرەكەم كارەكان بە یەكەوە ئەنجام دەدەین، لە كاتی بۆنەكانیشدا هاوكاری دیكەمان لەگەڵدایە و بەوەش دەرفەتی كار بۆ كەسانی دیكەش دەڕەخسێنین».

لە بارەی پڕۆژەی داهاتووشی گوتی: « پرۆژە و خەونی من بۆ داهاتوو وەك خاوەن كارێك ئەوەیە كە كارەكەم گەورەتر بكەم و هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنم بۆ هەموو ئەو خانمانەی كە دەیانەوێت لە ماڵەوە كار بكەن، حەزیش دەكەم كارەكەمان لە وردەكارییەوە گەورەتر بێت و دەست بكەین بە ڕازاندنەوەی تەواوی بۆنە و ئاهەنگەكان واتە كار لەسەر دیكۆریش بكەین».

 

دییە فازڵ:  هەوڵ دەدەم كارەكەم گەورەتر  بكەم و هەلی كاری زیاتر  بۆ خانمان بڕەخسێنم
دییە فازڵ:  هەوڵ دەدەم كارەكەم گەورەتر  بكەم و هەلی كاری زیاتر  بۆ خانمان بڕەخسێنم
دییە فازڵ:  هەوڵ دەدەم كارەكەم گەورەتر  بكەم و هەلی كاری زیاتر  بۆ خانمان بڕەخسێنم
Top