خانمی دەستڕەنگین و بەهرەمەندی تووشبووی تالاسیما

خانمی دەستڕەنگین و بەهرەمەندی تووشبووی تالاسیما

زۆرن ئەوانەی كە حاڵەتێكی زگماگ، یان نەخۆشییەكی درێژخایەنیان هەیە، كەچی لە هەمان كاتیشدا خاوەن بەهرە و توانا و دەستڕەنگینیشن لە كارەكانیاندا، سروە خان نموونەی ئەو كەسانەیە كە وێڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی تالاسیما، كەچی خاتوونێكی دەستڕەنگێنە لە بواری خشڵ و دروستكردنی ئێكسسواراتدا، لە چەندین فێستیڤاڵ و نمایشدا كارە جوانەكانی نمایش دەكات و خەڵكیش وەك بەرهەمێكی خۆماڵی و كوردەواری داوای دەكەن (سروە عەلی جەباری) وەك خۆی دەڵێت: « سەرپەرشتیاری ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیما و دوو گرووپم، كاری یەكەمم دەستپێك بوو، كە كەرەستەم بۆ هاوڕێكانم دروست دەكرد، دواتر هەستم كرد كە چەندین خاوەن پێداویستیی تایبەت بەهرەیان هەیە، گوتم ئێوە كەرەستە و خشڵ دروست بكەن، ئێمەش بڵاوی دەكەینەوە و ساڵانە بۆ ماوەی چوار مانگ نمایشەكانی كەرەستەكانی خۆمان دەكەین، بەرهەمەكانی من خشڵەكانن، وەك: بازن، ملوانكە، كۆڵوانە و چارۆكە، كە هەموو كاری دەستیی خۆمە، هەروەها شتی ناوازە و دەگمەن دروست دەكەین، كە لە هەموو بازاڕدا نییە، واتە بە شێوەیەكی تایبەت دروست دەكرێن، هەندێ جار جمكەكان دێن داوای دوو كەرەستە دەكەن، ئێمەش یەك یان دوو دانە دروست دەكەین، كارەكانی من زیاتر لە وەرزی بەهاردا خواستی لەسەرە، وەك بۆنەكانی نەورۆز و ئاهەنگی تایبەتی خێزانی، هەروەها خشڵی تایبەتیش بۆ كاتی دەوام و بۆ فەرمانبەران دروست دەكەین كە داواكاریی زۆر لەسەرە.

 

Top