حیزبوڵڵا بە هێرشی موشەک بنکەی ئاسمانی ئیسرائیلی کردە ئامانج

حیزبوڵڵا بە هێرشی موشەک بنکەی ئاسمانی ئیسرائیلی کردە ئامانج

 

چەکدارانی حیزبوڵڵا چەند موشەکێکیان ئاراستەی بنکەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کرد لە چیای جەرمەق.

بزووتنەوەی حیزبوڵڵا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، چەکدارانی ئەم گرووپە چەند موشەکێکیان لە باشووری لوبنانەوە بەرەو بنکەی سەربازی مێرۆن لە چیای جەرمەق هەڵداوە.

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەم هێرشە لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە دەوروبەری شاری بەعلبەکی لوبنان ئەنجامدراوە.

لە بەیاننامەی دووەمدا کە حیزبوڵڵای لوبنان بڵاوی کردۆتەوە، هاتووە: ئامێرەکانی چاودێری ئیسرائیل لە ناوچەیەک بە ناوی "کێڵگەکانی شەبعا" لەسەر سنووری لوبنان بە وردی بە چەکی گونجاو کراونەتە ئامانج.

هەروەها سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە ٣٥ گوللە لە لوبنانەوە بەرەو چیای مێرۆن ئاراستە کراوە، بەڵام یەکەی کۆنترۆڵی ئاسمانی ناوچەکە هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.

لە بەیاننامەکەدا وردەکاری لەبارەی جۆری ئەو جەكانەی لە لوبنانەوە تەقێنراون نەخراوەتەڕوو.

لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پێگە سەربازییەکانی حیزبوڵڵایان لە هەنیە، جبشیت، بەیسریە و مەنسوری لە باشووری لوبنان کردە ئامانج و یەکەکانی تۆپخانەی ئیسرائیلیش شاری هارونیان لە باشووری لوبنان بوردومان کرد.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top