بەهۆی تەقەکردن لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ٤ کەس کوژران

بەهۆی تەقەکردن لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ٤ کەس کوژران

 

 

 

لە تەقەکردنێكی بەکۆمەڵ لە خانوویەکی نیشتەجێبوون لە شاری کینگ سیتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.  

بەپێی وتەی بەرپرسان، ڕووداوەکە ئێوارەی یەکشەممە دوای ئاهەنگێک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون ڕوویداوە و تێیدا سێ پیاو لە شوێنی ڕووداوەکە بە گوللە کوژراون و ژنێکیش برینداربووە وگواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی و لەوێ گیانی لەدەستداوە. 

بەشی پۆلیسی شاری کینگ سیتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سێ پیاوی دیکە كەبە گوللە بریندار بوون گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەکی شاری سالیناس بۆ چارەسەری پزیشکی.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا بەردەوامە و گوتیشی: سێ کەسی نەناسراو لە ئۆتۆمبیلێک دابەزیون و تەقەیان لەو کەسانە کردووە كەلە ناو حەوشەی پێشەوەی ماڵەکەدابوون.

تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر ناسنامەی هێرشبەرەکان و پاڵنەرەکانیان بڵاونەکراوەتەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بە پشتبەستن بە پۆلێنکردنێک لە ئەمریکا، ئەو هێرشانەی کە زیاتر لە چوار کەس - جگە لە هێرشبەرەکە - دەکوژرێن، پێیان دەوترێت تەقەکردنی بەکۆمەڵ ؛ هەربۆیە لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٥٠٠ کەس بەهۆی جۆرەها تەقەکردنی بەکۆمەڵ لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top