هونەرمەندی مەغریبی ماجدە زەبیتە بۆ گوڵان: هونەرمەند زۆر شت دەكاتە قوربانی و تەواوی مافە یاساییەكانی خۆیشی وەرنەگرتووە

هونەرمەندی مەغریبی ماجدە زەبیتە بۆ گوڵان: هونەرمەند زۆر شت دەكاتە قوربانی و تەواوی مافە یاساییەكانی خۆیشی وەرنەگرتووە

ماجدە زەبیتە هەستێكی هونەری و بەهرەیەكی زۆری هەیە لە بواری نواندن و نووسینی تێكستی گۆرانی و ئاوازداناندا، بەڵام ئاواتەخوازە لەبری ئەوەی بەرهەمی دراماتیكیی ئاستنزم پێشكەش بكات، بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر شاشە نەمێنێت،

ڕەچەڵەكی خانەوادەی ماجدە مەكسیكین، وەك لە ناوی بنەماڵە ئیسپانییەكەیدا دەردەكەوێت، لە ناوچەی شاخاویی زەبیتە لە باشووری مەكسیكدا بووە، لە تەمەنێكی بچووكەوە دەستی بە نواندن كردووە، لە ڕێگەی قوتابخانە و كۆمەڵە هونەرییەكانەوە، لە خانەوادەیەكی هونەری و میدیاییدا پەروەردە بووە، خوشكێكی ئەكتەرە، یەكێكی دیكەی لە بواری مۆسیقادا كار دەكات، برایەكی لە بواری میدیا لە وڵاتێكی ئەوروپیدا كار دەكات، باوكیشی پێشتر وەرزشوان بووە.

ماجدە بەم شێوەیەوەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

*هۆكار چییە بەشێكی زۆری هونەرمەندان تەنیا گرنگی بە دراماكانی مانگی ڕەمەزان دەدەن؟

-كاتێك درامای تەلەفزیۆنیی وەرزی ڕەمەزان كاریگەریی لەسەر هونەرمەند دەبێت، ئەوەندە بەس نییە كە داهێنەر بێت و بدرەوشێتەوە و هەموو وزەی ناو خۆی دەربخات، هونەرمەند هەستێكی هونەریی هەیە كە دەبێت لەگەڵیدا بگونجێت، ئەگینا لە ناو جەستەیدا گیری خواردووە، هونەرمەند وەك یاریزانێكی تۆپی پێیە، ئەگەر تۆپەكە نەبات و نەیگەڕێنێتەوە هیچی پێ نادات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەكەم سەیری هونەرمەندان بكرێت.

*تۆ لە خانەوادەیەكیت كە موزیسیان و میدیاكاری تێدایە، بۆچی نواندنت هەڵبژارد؟

-بەڵێ من لە خانەوادەیەكی هونەریم، بەڵام نواندن منی هەڵبژارد، لە قوتابخانە بەشداری چەندین بەرهەمی شانۆییم كردووە، دواتر پەیوەندیم بە گرووپێكەوە كرد كە حەزیان لە مۆسیقا و یارییە سێركەكان بوو، بەڵام ڕۆژێكیان دەرهێنەرێك پرسیاری لێ كردم بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا بەشداریی شانۆگەرییەك بكەم، ڕازی بووم و دەستم بە مەشق كرد، دوای هەفتەیەك لە نمایشەكە، دەرهێنەر ڕۆڵی لاوەكیی منی گۆڕی بۆ ڕۆڵێكی سەرەكی، چونكە توانای نواندنی منی دۆزیەوە، ئەمە دەستپێكی من بوو، دواتر بەشداریم لە زنجیرەی (دار گوشە)دا كرد كە سەرەتایەكی ڕاستەقینە و یەكێك بوو لە ڕۆڵە گرنگەكانم، كە بە ڕاستی شانازیی پێوە دەكەم، دەستكەوتێك بوو و سەرەتایەكی سەركەوتوو بوو.

*پێوەرەكانی كاری باش چین؟

-من دەردەكەوم و ون دەبم، چونكە ئەمە كارێكی جوان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەندێك جار دیارنەمان بە ئارەزووی خۆمە و هەندێك جاریش پێچەوانەی ویستی منە، بەتایبەتی نەبوونی كار كە لەم دواییانەدا ڕووی داوە.

بۆ ئەوەی درۆزن یان ڕووكەش نەبین، پێموایە لە سەردەمی ئێمەدا و ئەوەی كە لە بواری سینەما و دراما هەستی پێ دەكرێت، ئێمە هێشتا دوورین لە سەپاندنی مەرجە سەرەتاییەكانی هونەرمەند، هەندێك مەرج هەیە، بەڵام ئەوان تەنیا وەك مەرجێك دەمێننەوە كە بەهێز نین.

*ئایا هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات مافەكانی خۆیان بەدەستهێناوە؟

-هەر كارێك هونەرمەند ئەنجامی بدات پێویستە لە هەموو ڕوویەكەوە لێی ورد ببێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە دۆخێكی باشدا كار بكات، وەك دەزانین پاداشتەكە گرنگە، چونكە هونەرمەند بەوەی لە هونەرەكەیەوە دەستی دەكەوێت بژێوی ژیانی پەیدا دەكات، ئەمەش مافی خۆیەتی و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، پێموایە هێشتا هونەرمەند تەواوی مافە یاساییەكانی وەرنەگرتووە بەو پێیەی هونەرمەند زۆر شت دەكاتە قوربانی.

*دراما توركی و مەكسیكییەكان چ كاریگەرییەكیان لەسەر درامای عەرەبی هەبووە؟

-هیچ كاریگەرییەك نابینم، چونكە هەر ژانرێكی هونەری بینەرێكی تایبەتی خۆی هەیە، هەر بۆیەش بینەرێك هەیە كە شوێن بەرهەمە مەغریبییەكان دەكەوێت، بینەرێكی دیكەش كە شوێن بەرهەمی عەرەبی، توركی، یان مەكسیكی دەكەوێت، هەروەها بینەرێكیش هەیە كە حەزی لێیە شوێن بەرهەمە ڕۆژئاواییەكان بكەوە.

*خەون بە چ ڕۆڵێكەوە دەبینیت؟

-هەر ڕۆڵێك بێت، بە مەرجێك ڕێز لە سەلیقەی بینەر بگرم، بەڵام گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە كە كار دەكەم كۆمەڵێك تایبەتمەندیی ئەرێنی لە كاری دراماتیك یان سینەماییدا لە بەرچاو بگرێت، وەك من پێشتر لە سەرەتای هونەریمدا ڕۆڵی (بەدەوی)م پێشكەش كردبوو، و پێی ناسرام، دوای ئەوەش لە زۆر بەرهەمدا دووبارەم كردەوە، دواتر ڕزگارم بوو لێی.

*ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی مەكسیكیی خۆت، ئایا دەتوانیت لە درامایەكی مەكسیكیدا ڕۆڵ ببینیت؟

-تا ئێستا سەردانی مەكسیكم نەكردووە، تاكە شتێك كە من لەگەڵیدا یەك دەخاتەوە، ڕەگ و ڕیشەی خێزانەكەم و لێرەوە ناوی بنەماڵەكەمە، من تا ناخ لەگەڵ دابونەریت و بەرژەوەندییە كلتووری و هونەری و كەسییەكانم، بە شانازییەوە دەڵێم من مەغریبیم.

*كەسایەتی ماجدە لە دەرەوەی نواندن چۆنە؟

-حەزم لە گەڕان و بازاڕكردن و ئامادەكردنی خواردنە، بەتایبەتی خواردنە مەغریبییەكان، بە گشتی حەزم لە گەشتكردنە بۆ وڵاتانی وەك توركیا و هیندستان و لوبنان، لەم گەشتانەدا هەوڵ دەدەم بە شانازییەوە نوێنەرایەتیی ئافرەتی مەغریبی بكەم.

*حەز ناكەی سەردانی كوردستان بكەیت؟

-بە خۆشحاڵییەوە جارێك سەردانی كوردستانم كردووە، سەردانێكی زۆر بە سوود بوو لەڕووی هونەری و كەسییەوە، وڵاتێكی زۆر سەرنجڕاكێشە، گەلی كوردستان میواندۆستن و ڕێز لە خەڵك دەگرن بە جۆرێك كە هەست ناكەیت لەو وڵاتەدا بێگانەیت، هونەر دۆستن و حەز لە كاری هونەری دەكەن و هەوڵ دەدەن سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرن، بەتایبەتی ئەوانەی كە لە ڕووی كلتوورییەوە نزیكن لە كوردستان.

*بە نیاز نیت دووبارەی بكەیتەوە؟

-بێگومان زۆر حەز دەكەم دووبارە سەردانی كوردستان بكەمەوە، هیوادارم ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت و جارێكی دیكە لە جەماوەری شانۆی كوردستان نزیك ببمەوە، بتوانم ئامادە بم لە فیستیڤاڵێكی هاوشێوە كە كلتوور جیاوازەكان كۆ بكاتەوە، كە سەردانی كوردستانم كرد ئەم سەردانە بۆ من ئەزموونێكی نوێ و سەركەوتوو بوو و شانازیی پێوە دەكەم.

*ئایا هیچ بەشدارییەكت لە كاری كۆمەڵایەتی و مرۆییدا هەیە؟

-من منداڵم زۆر خۆش دەوێت، هەركاتێك دەرفەتێكم بۆ ڕەخسابێت سەردانی ئەو ناوەندە كۆمەڵایەتییانە دەكەم كە منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت، یان منداڵی بێ سەرپەرشت داڵدە دەدەن، پێش ئەوەی هونەرمەند بم، مرۆڤم، هەندێك حاڵەت دەبینم، لە ناوەوە دەڵێم: «مرۆڤ ناتوانێت بیانبینێت» مرۆڤەكان نیگەرانییەكانیان دەهێڵنەوە، ئەمەش لەپێناو خودادایە.

*ئاواتەكانت چین بۆ ساڵی نوێ؟

-هیوادارم ئارامی و ئاسایش لە ناوچە جیاجیاكانی جیهاندا بەرقەرار بێت، كە زەردەخەنە و خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی بگەڕێتەوە، چونكە ئێمە لە سەردەمێكداین كە نا ئارامیی دەروونی و ئابووری و پەتا و نەخۆشی باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە، بۆ هەموو تاكەكانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان درێژ دەبێتەوە، هیوادارم ژیان لە وڵاتانی برا و دۆستدا بگەڕێتەوە بۆ سەقامگیری.

Top