" نووسەری راستەقینە کێیە "

ئەو شێوە و جۆرەیە لە پێنووس بە دەست تاو نا تاوێک بە چڕی و گرینگی دەپڕژێتە سەر بابەتەکانی رۆژەڤ و پرسەکانی ئانی کۆمەڵگەکەی و دەوروبەری و جیهانیش.

جیاوازی نووسەری راستەقینە و ساختە ئەو کاتە دەردەکەوێت و هەڵدەسەنگێندرێت لە لایەن شارەزایان، ئەگەر شوێن پێ و کاریگەری دابنێت و بگرە هەبوونی دەستی باڵاشی لە رێفۆرمی پێویست لە کۆی یان زۆری کایەکان ئەنجام بدات و لە شوێنی خۆیشیدا بێت.

ئەگەر نووسەر بوون بریتی بێت لە تەنها را و سەرنجی خۆت و گواستنەوەی دەقەکانی ناو لاپەڕەی پەرتووک و گۆڤارە بەناوبانگەکان، ئەوا بۆشایی بێئەندازەی گەورە جێدەهێڵدرێت بۆ کاوێژکاریکردن لە بڕی داهێنان، کە ئەرک و مەهامی بەرز و بڵندی نووسەری راستەقینەیە و ئەو دەمەش نووسەری ساختە جێدەهێڵێت و لە ئاراستەکردنی خوێنەر و بەرچاو رۆشنکردنی خوێنەر رۆڵی سەرەکی دەبێت و لە بەرەژەوەندی رەسەنداریەتی خزمەت دەکات.

هەن ئەوانەی بە ناراستی و نادروستی و خوار و خێچی نووسەربوون پراکتیک دەکەن لەسەر تەختی شانۆی دونیای نووسین لەبەر بەدەستهێنانی پێگە و پارە، ئەمانەش رۆژگارێک دادێت و لەناوچوونی نووسینەکانیان مسۆگەرە یان مایەی پێکەنین کردن دەبێت بە نووسینەکانیان، چونکە مێژووی دوور و نزیک سەلمێنەری ئەوە بووە.

هەر نووسەرێک مافی خۆیەتی چۆن بیرۆکەکانی دەهێنێتە نووسین بەڵام مافی نییە بۆ چەواشەکاری و شاردنەوەی راستی و روونی دەست ببات، ئەمە پرەنسیپی نووسەری متمانە پێکراوی گەلە، هەر نووسەرێکیش لە ژێر ئەم پرەنسیپە خەباتی نووسین درێژە پێبدات ئامادەی گیان و بەخشین بێت ئەمە شەهیدی پێنووسە. لە جیهانیشدا هەمانە بە ماڵ و گیان قوربانی بۆ گەلەکەی داوە لە رێگەی پێنووسەکەیەوە بە ناونیشانی نووسەر.

نووسەری راستەقینە دەبێت لە رێگای نووسینەکانییەوە خوێنەر ئاگادار بکاتەوە لە ئەمانەت پارێزی نووسین و کاتێکیش لە هەر پەرتووکێک زانیارییەک یان بە پێویستی بزانێت بۆ شیکارییەک دەقێک بگوازێتەوە ناو نووسینی خۆی ئەوا دەبێت ناوی پەرتووک و نووسەری پەرتووکەکە بهێنێت لە پەراوێزدا و لە ناو دوو کەوانەشدا دابنرێت لە ناو نووسینەکەدا، کە ئەمە ئاماژەیە نووسینی نووسەر خۆی نییە.

هێجگار ئاسانە بنووسیت و نووسەر بیت بەڵام بوێری دەوێت نووسەری راستەقینە بیت. ئەمە دەرگا و دەروازەیەکمان بەسەردا دەکاتەوە کەوا بنووسین، بەسەریشمان دادەخات کە نەنووسین، بۆیە چاکتر و باشتر وایە هێز و ئەزموون و حەز و رەوشت و بەهرە و توانا خڕ بکەینەوە لای یەکتری بیکەین بە کوتلەیەک لە ژێر وشەی نووسەر دایبنێن تاوەکو هەڵگری ناوەکەی ببین.

خوێنەری زیرەک و لێهاتوو خێراتر درک بە بۆنی ناخۆشی نووسینی نووسەری ساختە دەکات لەوانی تر، چونکە لە ئامانجی نووسەری ساختە دانییە خوێنەر سەر پێ بخات ئەوەندەی خەمی رازاندنەوە و پیاهەڵدانە. ئاشنایەتی ستەمیش ئەگۆڕێتەوە بە وەفا و بەزاندنی فێڵبازانەی هێلە سوورەکانی نووسینیش بۆ خوێنەر بەکاردەهێنێت.

خراپترین نەخۆشی نووسەر دەست تێکەڵاوکردنییەتی لەگەڵ دەسەڵات لەسەر بنەمای داپۆشین و بەلاڕێدابردن، جوامێری نووسەری راستەقینە لەوەدایە بێبەرییە لە هەموو دەسەڵاتێکی خراپ، بەڵکو لە گۆشەیەک نیگای ورد دەکات بۆ دەرخستن و بنکۆڵکاری، هەموو دژایەتییەکیش بە دڵگەرمی قبووڵدەکات تەنها خیانەتکردن نەبێت لە ئەرکەکەی و پێنووسەکەی.

سەربەرزن و ئاسوودەن نووسەرانی راستەقینە، بەتاڵن و پووچن نووسەرانی ساختە، ئەگەر پێ بزانرێت یان نەزانرێت.

Top