سەیدا مەلا عەلی دۆسكی كێیە و ئێستا لە كوێیە؟

سەیدا مەلا عەلی دۆسكی كێیە و ئێستا لە كوێیە؟

(*)

مەلا مستەفا بارزانی فەرمووی:

«ترسی ئەوەم هەیە، ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو كەسانە لەیاد بكرێن كە زەحمەت و ماندووبوونێكی زۆریان بینیوە»

 

 

ساڵی (2024) لە ڕۆژێكی زستانیدا لە شوێنی كاركردنم لە لقی سۆرانی یەكێتیی زانایان، كورتە ڤیدیۆیەكم لەسەر مۆبایل بینی، كە پەیجێكی سنووری دهۆك سەردانی مالی كوڕەكانی (سەیدا مەلا عەلی بێسفكی- دۆسكی)یان كردووە، لەژێر ناونیشانی «چاوپێكەتن لەگەڵ كەسوكاری پێشمەرگەیەكی شۆڕشی ئەیلوول و قازیی لە شۆڕشی گوڵان».

بۆ من ئەو دیدارەیان ناخهەژێن بوو. كەوتمە بیری ئەو ڕۆژانەی بۆ یەكەم جار لە ساڵی (1983) بە خزمەتی گەیشتم و پێی ئاشنا بووم. ڕۆژە سەختەكانی شۆڕشی گوڵان و ئاوارەیی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها شوێن و پێگەی (سەیدا مەلا عەلی دۆسكی) هاتەوە یادم، كە لە لە تەمەنی هەشتا ساڵی، لە ژوورێكی سێ‌ بە چوار و بە تەنیا دەژیا و خواردن و خۆراكی ڕۆژانەی بۆ خۆی ئامادە دەكرد، دوور لە خێزان و جگەرگۆشەكانی، دوور لە مزگەوت و میحراب و تەدریس و ماڵی گەرموگوڕی خانەوادەی، كە جێی هێشتبوون لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەی، هەر لە ئاوەرەییشدا سەری نایەوە و بواری ئەوەی نەبوو، كەسوكار و خێزان و منداڵەكانی ببینێتەوە. گۆڕی پیرۆزیشی لە گۆڕستانی شەهیدانی (زێوە – مەلا باستەك) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. من شەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا، ماوەیەكی زۆر لە خزمەتیدا بخوێنم و لەكاری ئیدارییش بۆ ماوەی شەش ساڵ كاتبی بەردەستی بووم، كە ئەوكات قازیی شۆڕش بوو.

مەبەستم لەم كورتە نووسینە، تەنیا ئەوەیە بپرسم: چ ڕەوای حەقە، كەسانی پلە باڵا و دەستڕۆیشتووی ئەمڕۆ هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ڕۆژێك ویژدانیان نەجووڵا و، ئەو مرۆڤە تێكۆشەرەیان بەبیر نەهاتەوە، ئاوڕێك لە خانەوادەكەی بدەنەوە، كە تا ئێستاش لەو پەڕی هەژاری و نەداریدا دەژین و، بە چاوی پەشیمانی لە ڕابردووی باوكیان دەنوارن!!

 زۆر لە جێی خۆیەتی كە بارزانیی مەزن فەرموویەتی: «ترسی ئەوەم هەیە، ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو كەسانە لەیاد بكرێن، كە زەحمەت وماندووبوونێكی زۆریان بینیوە. ئەوانە زوڵم و دیكتاتۆریەتیان ڕەت كردەوە و بۆ پارە و سامانی دنیا كاریان نەكرد، خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕ بوون و دوای عەقیدە و ڕێبازێكی پیرۆز كەوتبوون».

زۆرن ئەو كەسانەی ڕۆژێك سارد و گەرمیان نەبینیوە، ئێستا خۆیان خانەوادەیان لە ڤێلا و مەزرەعە و گەشتی وەرزیی ئەوروپا بەو پەڕی ڕەفاهییەتەوە دەژین، تەنانەت بۆ حەبێكی ژانە سەر سەردانی گەورەترین نەخۆشخانەكانی دەرەوەی وڵات دەكەن، كەچی هەزارانی وەكو (سەیدا مەلا عەلی) و خێزان و خانەوادەكەی لە بیر كراون و پشتگوێ خراون و بە حەسرەتەوە سەردەنێنەوە!!

 

(*)

(كارگێڕی لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان )

 

 

Top