جۆرەكانی مزگەوت

جۆرەكانی مزگەوت

مزگەوتەكان دابەش دەبن بۆ سێ جۆر، ئەمانیش: مزگەوتی نوێژگە (مسجد) و مزگەوتی هەینی (الجامع) و مزگەوتی جەژن (العید)، یەكەم: نوێژگە (مسجد)، ئەم جۆرە مزگەوتە خزمەتی ئایینی پێشكەش دەكات لەسەر ئاستی كۆڵان یان جوگرافیایەكی بچووك، و تیایدا پێنج نوێژە فەرز و سوننەتەكانی ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، و دووریی ماڵ بۆ ئەم جۆرە مزگەوتە زۆر جار 250مەترە، بە مەبەستی ئەوەی هەر موسوڵمانێك (نێر سەروی 15 ساڵ) بتوانێت پێنج فەرزە نوێژەكانی ڕۆژانە بە كۆمەڵ ئەنجام بدات بەپێی ڕێنماییە ئایینییەكان. دووەم جۆری مزگەوت: مزگەوتی هەینی (الجامع)، خزمەتی ئایینی پێشكەش بە دانیشتووان دەكات لەسەر ئاستی گەڕەك، تیایدا جگە لە پێنج نوێژە فەرز و سونەتەكانی ڕۆژانە، نوێژ و وتاری ڕۆژی هەینییش ئەنجام دەدرێت، دووری ماڵ بۆ ئەم جۆرە مزگەوتەزۆرجار 500مەترە، بە مەبەستی ئەوەی بەپێی ڕێنماییەكانی ئایینی زۆرترین موسڵمانان لە ساتی وتاری هەینیدا كۆببنەوە. سێیەم جۆری مزگەوت بریتییە لە مزگەوتی جەژن (مسجد العید/مصلی): خزمەتی ئایینی پێشكەش دەكات لەسەر ئاستی شار یان كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، تیایدا جگە لە نوێژەكانی فەرز و سوننەتی ڕۆژانە و نوێژ و وتاری ڕۆژی هەینی، نوێژ و وتاری ڕۆژی جەژنیشی تیایدا ئەنجام دەدرێت.

 

Top