دوو کاندیدی سەرۆکایەتی شارەوانی لە مەکسیک کوژران

دوو کاندیدی سەرۆکایەتی شارەوانی لە مەکسیک کوژران

کاندیدەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیی دوو شار لە سەروبەندی هەڵبژاردنە گشتی و ناوخۆییەکانی مەکسیک لە هێرشی جیاوازدا كوژران.

بەگوێرەی میدیای نیشتمانیی مەکسیک، نۆئەڕامۆس فێرتیز و ئالبێرتۆ گارسیا، دوو کاندیدی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەم وڵاتە، لە سەروبەندی هەڵبژاردنە گشتی و ناوخۆییەکان، کە بڕیارە لە 2ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە هێرشی جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، نۆئەڕامۆس فێرتیز، کاندیدی سەرۆکی شارەوانی سیوداد مانتێ لە ویلایەتی تامالیپاس لە باکووری ئەم وڵاتە، لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئالبێرتۆ گارسیا، کاندیدی سەرۆکایەتی شارەوانی بۆ سەربەخۆیی سان خۆزێ لە ویلایەتی ئۆاکساکا لە باشووری مەکسیک، دوای ڕۆژێک لە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی بە مردوویی دۆزرایەوە.

داواکاری گشتی ویلایەتی ئۆاکساکا ڕایگەیاندووە، گارسیا لە نزیک شارەکە هێندە لێی دراوە تا گیانی دەرچووە.

لە مەکسیک کە توندوتیژی دژی سیاسەتمەداران لەگەڵ هەر خولێکی هەڵبژاردنەکاندا زیادی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە زیاتر لە ٨٠ سەرۆکی شارەوانی لەلایەن باندە تاوانکارییە ڕێکخراوەکانەوە کوژراون.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top