كەمی پاڵەوانێتیەكان گرفتێكی گەورەیە لە بەردەم یاریزانەكاندا

كەمی پاڵەوانێتیەكان  گرفتێكی گەورەیە لە بەردەم یاریزانەكاندا

سارا عەبدوللا یاریزانی تۆپی باسكەی یانەی زانكۆی سەلاحەدین

كەمی پاڵەوانێتیەكان گرفتێكی گەورەیە لە بەردەم یاریزانەكاندا
تاكو ئێستا لە شاری هەولێر وەكو پێویست گرنگی بە تۆپی باسكەی كچان نەدراوە لە لایەن یانەكانەوە، ئەوەی هەشە تەنیا چەند یانەیەكین كە گرنگی بە یاری تۆپی باسكەی كچان دەدەن، تیپەكانیش تەنیا بۆ خول و پاڵەوانیتیەكان ئامادە دەكرێن،بەڵام ژمارەیەك لە یاریزانان كە قوتابی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشین و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان بتوانن یارییەكانی تری وەرزشی زیندوو بكەنەوە و مەشقی بەردەوام دەكەن بۆ گەیشتن بە خەونەكانیان، یانەی زانكۆی سەلاحەدین بەردەوام گرنگی بە وەرزشی كچان دەدات لە شاری هەولێر و بەشداری چالاكییە وەرزشییەكان دەكات، یەكێك لە كچە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش سارا عەبدوللا محمدئەمین-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2000ی پارێزگای هەولێرە و قوتابی كۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەكان، جگە لە یاری باسكە لە خولی عێراقی بۆ یاری تۆپی پێی بۆ چەندین یانە یاری كردوە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی یاری باسكە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- یاری باسكە وەكو یاری تۆپی پێی نییە زۆر بەناوبانگ بێ، لە كوردستانیش وەكو پێویست گرنگی پێ نەدراوە، زیاتر لە ووڵاتانی دەرەوە گرنگی هەیە،زۆر بە كەمی خول و پاڵەوانێتی بۆ دەكرێتەوە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
-كەمی پاڵەوانێتیەكان بێگومان گرفتێكی گەورەیە لە بەردەم یاریزانەكاندا، چونكە یانەكانیش گرنگی بەم یارییە نادەن ئەمەش وادەكات كە یاریزانی زۆر دروست نەبێت، بۆیە دەبێ زیاتر گرنگی بە خولەكانی باسكە بدەن، لێرە تەنیا گرنگی بە یاری تۆپی پێی دەدرێت و یارییەكانی تر وون بووە.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان بەرز بكرێتەوە؟
-واباشە بۆماوەی یەك بۆ دووساڵ گرنگی تەواو بە یاری باسكە بدرێت و خول و پاڵەوانێتی بۆ بكرێتەوە،جگە لەوەش دەتوانن لە رێگەی قوتابخانەكان و پەیمانگا و زانكۆكان ئەم یارییە هەڵستێننەوە، هەردوو یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان و عێراق هاوكاربن بۆ ئەوەی یاریزانە بەتواناكان گرنگی بە كچەكانیش بدەن، زۆرجاریش یاریزانەكان ڕوو لە یارییەكانی تر دەدەن، پێویستەگرنگی بە كچە یاریزانەكان بدرێت.
* گرفتی وەرزشیی باسكە لە چی دەبینی ؟
-گرفتی نییە ئەم یارییە چونكە هیچ گرنگییەكی پێی نەدراوە، ئەم یارییە فەرامۆشكراوە بۆیە گرفتی نییە، هیچ گرفتێكیش نابینم بەهۆی نەبوونی خول و پاڵوانێتی.
*لەلایەن یانەكانەوە گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
- بەڵێ لە یانەی ئاسۆ گرێبەستم بۆ هاتووە، خۆشم زیاتر گرنگی بە یاری تۆپی پێی دەدەم.
*بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
- وەكو كچە كوردێك حەز دەكەم گرنگی بە سەرجەم یارییە وەرزشییەكان بدرێت، نەك تەنیا یەك جۆرە یاری هەروەها هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار و بتوانین خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەین، هیچمان لە ووڵاتانی دەرەوەكەمتر نییە.
* هەست ناكەی ئەم یارییە لە ڕووی تەكنیكەوە قورسە بۆ یاریزانان بۆیە یاریزانان ناتوانن وەكو پێویست بێنە ناو ئەم یارییە؟
-بۆمن وەكو یاریزان هیچ زەحمەتیەكی تێدا نابینم، چونكە زیاتر تەكنیكە و یاریزان دەتوانی بەسەری زاڵ بێ و سەركەوتوو بێ و لای من یەكێك لە خۆشترین یارییەكانە و جیاوازە لە یارییەكانی تر.
*داوكاری وپێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواكاریم لە لایەنی بەرپرسی وەرزشی گرنگی بە سەرجەم وەرزشەكان بدەن بەتایبەتیش ئافرەتان بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو كچانی دەرەوە بتوانین تواناكانی خۆمان زیاتر پەرە پێ بدەین.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێكی كورد؟
-ببمە باشترین وەرزشوان چ وەكو یاریزان یان ڕاهێنەر لە هەر بوارێكی وەرزشی بێ ئەوە خەون و ئاواتی منە .
*بەهیوای ئەوە نیت كە هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە بیت؟
-ئەوە هیواو و ئاواتی منە ئەو هەڵبژاردەیە دروست بێ و منیش یەكێك لە یاریزانەكانی بم، ئەوەش بۆمن هەستێكی یەكجار خۆشە
*خولەكانی عێراقی بەهێزترە یان كوردستان؟
- بێگومان خولەكانی عێراقی بەهێزترە و تام و چێژی زیاترە لە خولەكانی عێراقی وەرزشوانی زۆر باشی تێدایە.
* بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- كریستانۆ و رۆنالدۆی بەرازیلی و میسی و بنزیما.
*بۆچی یاری باسكەی كچان لە شاری هەولێر زۆر لە ئستێكی خراپ دایە هۆكاری چیە؟
- لە كوردستان زیاتر گرنگی بە تۆپی پێی دەدرێ بەهۆی ئەوەی هەموو كەسێك حەزی لەم یارییە، هیچ كەسێك نەهاتوە بلێ تیپێك دروست بكەین بۆ یاری باسكە، یانەكان و كەسەكانیش كەمتەرخەمن، یەكێتی باسكەش وەكو پێویست نەبووە بۆ یاری باسكە، یاریزانی باسكە زۆر كەمە لە ئاستی كوردستان.
*سەركەوتن چ هەستێكت چی دەگەینێ‌ لای تۆ؟
-هەتا شكست نەهێنی سەركەوتوو نابی، لە سەركەوتنەوە فێری زۆر كاری گەورە دەبیت.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان كەوا پشتگیری یایزانەكانی كوردستان دەكات، هیوادارم گرنگی بە كچانی وەرزشكار بدرێ و ئەم یارییە بەرەووپێش بچێت، بەرپرسانیش تەنیا گرنگی بە تۆپی پێی نەدرێت.

 

Top