"سەھۆڵاو" لە ھیندستان خەڵاتکرا

کورتە فیلمی "سەھۆڵاو" لە دەرھێنانی جەلال ساعید پەناە، خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی "چاوی سێیەم" لە وڵاتی ھیندستانی بەدەستھێنا.

ئەم بەرهەمە لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "چاوی سێیەم" لە وڵاتی ھیندستان نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا.

کورتە فیلمی "سەھۆڵاو" بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە لەگەڵ ٢٩ فیلم لە وڵاتانی ئەمەریکا، میسر، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ھیندستان، ئەندەنوسیا، مەغریب، نیپال، چین، ڤێتنام، میانماڕ و چەندین وڵاتی دیکە لە رکابەریدابوو.

فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "چاوی سێیەم" کە تایبەتە بە فیلمەکانی فیلمسازانی کیشوەری ئاسیا بە بەشداری بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆر لە دوو بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە رۆژانی ٣ تا ١٠ ئەم مانگە لە شاری مۆمبای لە وڵاتی ھیندستان بەڕێوەچوو.

"سەھۆڵاو" لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاودەکرێتەوە، لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە چیرۆکییەکان" لە نۆیەمین خولی خەڵاتی فیلمە سەربەخۆکانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی "گراند ئۆف" لە وڵاتی پۆڵەندا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی فیلمە چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی، ئەنیمەیشێن و ئەزموونی لە رۆژانی ٣ تا ٦ی دیسەمبەر ٢٠١٥ لە شاری وارشۆ لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو.
Top