ئازارەكانی قۆڵ

ئازارەكانی قۆڵ
ئازار لە قۆڵەكاندا Arm pain لە ئەنجامی بوونی نەخۆشی لە: پێست، دەمارەكانی قۆڵ، ئێسك و جومگەكان، بۆڕییەكانی خوێن، شانە نەرمەكانی قۆڵ روودەدات. هەندێك جاریش نەخۆشی لە بەشێكی تری لەشدا دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئازار لە قۆڵەكاندا. لەوانەیە كە هۆكارەكانی ئازاری قۆڵ سادە بێت، ئەگەری ئەوەش هەیە هۆكاری مەترسیداری لەپاڵەوە بێت وەكو نەخۆشی دڵ بە شێوەی سینگەكوژێ و گرژبوونەوەی ماسوڵكەكانی دڵ. ئازاری نەخۆشی دڵ لەبەر تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ لەبەر تووشبوونیان بە رەقبوون یان نیشتنی چینێكی چەوری لەسەر ناوپۆشەكەیاندا سەرهەڵدەدات، كە ئازارێكی زۆر سەختە و لە ناوەڕاستی سینگدا هەستی پێدەكرێت و زۆر جار بۆ قۆڵەكانیش دەگوازرێتەوە. هۆكارەكانی تری ئازاری قۆڵ بریتین لە: هەوكردنی ژێی ماسوڵكەكان Tendenitis، پێوەدانی مێروو، سووتان، هەوكردنی شانەكانی پێست، گرژبوونی ماسوڵكەكانی قۆڵ، شكانی ئێسكی قۆڵ، نەخۆشی بەگەكان (ألنقرس Gout)، خزینی كڕكڕاگەی نێوان بڕبڕەكانی مل، هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان، هەوكردنی دەمارەكان، هەوكردنی ئێسك، لەجێچوونی جومگەی ئەنیشك، بوونی هەر گرێیەك لە قۆڵدا. گەلێك دەرمان بۆ لابردنی ئازاری قۆڵ بەكاردەهێنرێن وەكو ئەسپرین، پرۆفین، فێلدین كە دەبێ لەپاش خواردندا بەكاربیهێنرێن، چونكە لەسەر گەدەی بەتاڵدا دەبنە هۆی داڕووشاندن و سووتاندنەوەی ناوپۆشی گەدە. پشكنینی جیاواز لە تیشكی ئێكس و پشكنینی رەنینی موگناتیسی و پشكنینی كلینیكی لە لایەن دكتۆر، بۆ دۆزینەوەی هۆكاری ئازاری قۆڵ و چارەسەركردنی گرنگە.
Top