نیشانەكانی دەركەوتنی نەخۆشی جگەر

نیشانەكانی دەركەوتنی نەخۆشی جگەر
لەكاتی تووشبوونی جگەر Liver بە هەر نەخۆشییەك، چەند نیشانەیەك لە تووشبوودا بەدی دەكرێن كە تایبەت نین بە جۆری نەخۆشییەكە. لەم نیشانانە: هێڵنج، رشانەوە، ئازار لە بەشی سەرەوەی لای راستی سك، زەردوویی Jaundice كە بریتییە لە زەرد هەڵگەڕانی رەنگی پێست لەبەر زیادبوونی رێژەی مادەی بیلیروبین Bilirubin لە خوێندا. لەوانەیە كە نەخۆشەكە كێشی بەرەو لاواز بوون بچێت. بەهەرحاڵ، لەبەر ئەوەی كە جگەر تووشی چەندین جۆری نەخۆشی دەبێت، هەندێك نیشانە لە نەخۆشدا بەدی دەكرێن كە تا رادەیەكی زۆر تایبەتمەندن بە جۆری نەخۆشیی جگەر. تووشبوو بە بەردی زراو لەپاش خواردنی خۆراكێكی چەور، لە بەشی سەرەوەی لای راستی سك تووشی ئازار و رشانەوە دەبێت. ئەگەر كیسی زراویش دوچاری هەوكردن بێت ئەوا نەخۆش تووشی تا دەبێت. تووشبووان بە مۆمبوونی جگەر Cirrhosis تووشی پەككەوتنی جگەر دەبن كە نیشانەكانی بریتین لە: خورشت لە پێستدا لەبەر نیشتنی خوێیەكانی زەرداو، بێ هێزی گشتی لەش لەبەر بەرزبوونەوەی رێژەی مادەی ئەمۆنیا لە خوێندا، ئاوسانی سك لەبەر كۆبوونەوەی شلە لەناو بۆشایی سكدا Ascites، پووكانەوەی ماسوڵكەكان، گەورەبوونی مەمك لە پیاوانی تووشبوودا Gynecomastia لەبەر تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان، شین و مۆر هەڵگەڕانی پێست لەپاش هەر زەبرێكی سادە، لەوانەشە كە نەخۆش تووشی دەوالی خوێنهێنەرەكانی گەدە و سوورێنچك بێت كە مەترسی خوێنبەربوونییان لێدەكرێت.
Top