بۆ دابەزاندنی كێشی لەش هیچ دەرمانێكی سەلامەت نییە

بۆ دابەزاندنی كێشی لەش هیچ دەرمانێكی سەلامەت نییە
ئەگەر وا بیردەكەیتەوە كە بە دەرمان Diet Pills دەتوانیت بە خێرایی كێشی لەشت دابەزێنیت و لە ئاستێك بیهێڵیتەوە، ئەوا تۆ زۆر بە هەڵە چوویت! ئەو دەرمانانەی كە گوایە كێش دادەبەزێنن نەك كێش بە شێوەیەكی هەمیشەیی دانابەزێنن، بەڵكو هەندێك جار مەترسی مردن پەیدا دەكەن. ئەگەر كەمێك لەسەر ئەم دەرمانانە بخوێنیتەوە هەتا ئەوانەی كە پێتوایە زۆر باشن، ئەوا دەگەیتە ئەو ئەنجامەی كە چیتر دەرمانی لەو جۆرە بەكار نەهێنیت. ئەو دەرمانانەی كە لە لایەن ئەجانسی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكییەوە تەنها لە ژێر چاودێرییەكی نزیكی دكتۆرەوە رێگا بە بەكارهێنانیان دراوە یان ئەپروڤ كراون، زیانی لابەلای مەترسیدار بەخۆوە دەگرن. ئەگەر بە هەر شێوەیەك بێت یەكێك لە دەرمانەكانی دابەزاندنی كێشی لەش وەربگریت، پێشبینی ئەوە بكە كە دووچاری چەندین حاڵەت و نیشانەی تەندروستی خراپ و هەندێك جاریش مەترسیدار دەبییەوە وەكو: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دڵەكوتێ و ناڕیكی لە لێدانەكانی دڵ، سەرسووڕان، تێكچوون لە بینیندا، سەرئێشە، خەوزڕان، پەستی، خەمۆكی. ئەو دەرمانانەی كە هەڵمژینی چەوری لە ریخۆڵەدا كەم دەكەنەوە وەكو ئۆرلیستات Orlistat (زینیكال Xenical)، ئەو دەرمانانە دەبنە ئەگەری كۆبوونەوەی گاز لە كۆئەندامی هەرسدا، لەگەڵ سكچوون و جوولەی كۆنترۆلنەكراوی ریخۆڵە، هەروەها كەمی ئەو ڤیتامینانەی كە چەوری دەتوێننەوە بە تایبەتی ڤیتامین A. ئەمەش دەبێتە هۆی وشكبوونی پێست و هەڵوەرینی قژ. هەروەها ئیفیدرا Ephedra زیانی لابەلای زۆر مەترسیداری هەیە وەكو: سەرئێشە، هێڵنج، نۆرەی دڵ و جەڵتە، تەنانەت مەترسیی بۆ هەرزەكارانیش هەیە.
هەروەها ئەو دەرمانانەی كە ئارەزووی خواردن دادەمركێنن وەكو سیبوترامین Sibutramine (میریدیا Meridia) دەبنە ئەگەری وشكبوونی دەم، لەش داهزران، بۆرژان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. ئەم جۆرە دەرمانانە نابێ بە هیچ شێوەیەك لە لایەن ئافرەتی دووگیان و ئافرەتی شیردەردا بەكاربهێنرێن. هەوڵ بدە بە رێگا زانستی و تەندروستییەكانی دابەزاندنی كێش ئاشنا بیت و پەیڕەویان بكەیت. چونكە بۆ سەلامەتی ئەوە باشترە.
Top