زیاد خواردنی سەموون قەڵەوت دەكات

زیاد خواردنی سەموون قەڵەوت دەكات
سەموون بە پلەی یەكەم لە نیشاستە Starch كە جۆرێكی كاربۆهیدراتە پێكهاتووە، بەتایبەتی سەموونی سپی، یەك سەموون نزیكەی 180 كالۆری وزە بە لەش دەدات. سەموون بە ئاردی سپی(وەكو سەموونی توركی) زیاتر دەخورێت و هەستی تێربوون درەنگتر دەدات چونكە رێژەیەكی یەكجار كەمی لە ریشاڵ تێدایە، دەرەنجام بڕێكی زیاتری وزەت وەرگرتووە بێ ئەوەی كە ئاگاداربیت، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ ئەلبانی چەور یان سەرتوو و قەیماغ یان لەگەڵ برنجدا بخورێت. گروپی خۆراكی كاربۆهیدرات Carbohydrates كە نیشاستە و شەكرەكان و ریشاڵی رووەكی دەگرێتەوە بە ئاسانترین و هەرزانترین سەرچاوەی وزەی خۆراكی دەژمێردرێت. بە خواردنی كاربۆهیدرات پلەی گەرمی لەش بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە و فرمانی ئەندامەكانی پێ رادەپەڕێنرێت، ئەم وزەیە هێزی جوولاندنەوەی ماسوڵكەكانی لەشیش دابین دەكات. یەك گرام كاربۆهیدرات 4 كالۆری وزە بە لەش دەبەخشێت. گلوكۆز كە سادەترینی شەكرەكانە، تاكە سەرچاوەی وزەیە بۆ مێشك و ماسوڵكەكان. خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان رۆڵی گەورەیان بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگی نێوان ئاو و كانزاكان لە لەشدا هەیە. باشترە كە نیوەی خۆراكی رۆژانەمان لە كاربۆهیدرات پێكهاتبێت، بەتایبەتی كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان وەكو نیشاستە و ریشاڵ Fiber كە لە بەرووبوومە رووەكییەكاندان. زیاد خواردنی كاربۆهیدرات ئەگەر لە رادە بەدەر نەبێت هەرگیز نابێتە ئەگەری قەڵەوی، بەڵام ئەگەر خواردنی كاربۆهیدرات بە شێوەی شەكرەكان یان كاربۆهییدراتی سافكراو وەكو نیشاستە و برنج و سەموون یان نان بە ئاردی سفر كە لە رادە بەدەر بێت یان لەگەڵ چەوریدا تێكەڵ بكرێت، ئەوا بێگومان دەبێتە هۆی بەخشینی وزەیەكی زۆر بە لەش كە ئەگەر بە جوولاندنەوە سەرف نەكرێت ئەوا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری زیادبوونی كێش یان قەڵەوی.
Top