خۆراك بۆ رێگرتن لە كەمخوێنی

خۆراك بۆ رێگرتن لە كەمخوێنی
خڕۆكە سوورەكانی خوێن لەناو مۆخی ئێسكدا دروست دەبن، بۆ ئەم مەبەستە چەندین ماددە یان كەرەستەی خاو پێویستن وەكو پرۆتین، ئاسن، ڤیتامین B6، ڤیتامین B12، فۆلیك ئەسید، كاسیۆم، ڤیتامین C.

كانزای ئاسن Iron گرنگترین پێكهاتەی ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێنە، زۆر گرنگە بۆ لەش دەتپارێزێت، لە هەموو خانەكاندا هەیە، لەگەڵ پرۆتینێكدا بە ناوی هیم Heme یەكدەگرێت بۆ پێكهێنانی هیمۆگلۆبین كە زەروورە بۆ گواستنەوەی گازی ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ هەموو خانەكانی لەش و گەڕاندنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە خانەكانەوە بۆ سییەكان. لەشی مرۆڤێكی ئاسایی بە تێكڕایی نزیكەی 4 گرام ئاسن لەخۆدەگرێت. سەرچاوە خۆراكییەكانی ئاسن دوو جۆرن: ئاسن لەگەڵ پرۆتینی هیم كە لە گۆشت و ئەندامەكانی ئاژەڵدا هەیە وەكو جگەر و دڵ و گورچیلە، ئاسن بە بێ پرۆتینی هیم كە لە بەرووبوومە رووەكییەكاندا هەیە وەكو نیسك و سپێناغ و پاقلەمەنییەكان. فرمانەكانی ئاسن لە لەشدا بریتین لە: دابەشكردنی گازی ئۆكسجین بەسەر هەموو خانەكانی لەشدا، هەروەها رۆڵێكی بەرچاوی لە كرداری بەرهەمهێنانی وزەدا هەیە.

كەمی ئاسن دەبێتە هۆی كەمخوێنی Anaemia كە بە (كەمخوێنی لەبەر كەمیی ئاسن) ناوزەد دەكرێت. گرنگترین سەرچاوە خۆراكیییەكانی كانزای ئاسن بریتین لە: گۆشت، زەردێنەی هێلكە، جگەر، رووەكە پاقلەییەكان، سپێناغ، برۆكۆلی، نیسك، خاس، كوارگ، گەڵا سەوزە تاریكەكان. ڤیتامین C یارمەتی هەڵمژینی كانزای ئاسن دەدات لە كۆئەندامی هەرسدا، بۆیە باشترە كە لەپاش ژەمەكانی خۆراكدا میوە بخورێت نەك چای كە تەگەرە دەخاتە بەر هەڵمژینی ئاسن. كانزای ئاسن بە چەندین جۆر لە بازاڕەكاندا بە شێوەی دەنك و گیراوە و دەرزی هەیە، بەڵام دەبێ تەنها لەژێر چاودێری دكتۆر بەكاربهێنرێن، چونكە زیادبوونی بڕی ئاسن لە لەشدا گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات.
Top