خۆراكــی كەمچەوری خۆراكێكی تەندروستییانەیە

خۆراكــی كەمچەوری خۆراكێكی تەندروستییانەیە
پەیوەندی نێوان خۆراكی چەور یان چەورییەكان بە گشتی و چەورییە تێرەكان و چەورییە ئاژەڵییەكان بەتایبەتی لەگەڵ نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە و قەڵەوی و گەلێك گرفتی تەندروستی تردا پەیوەندییەكی چەسپاو و بەهێزە. خۆراكی كەم چەوری Low-fat Diet لە تووشبوون بە قەڵەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن كە لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی دڵ دەتپارێزێت. بۆ دابینكردنی خۆراكی كەم چەوری پەیڕەوی چەند هەنگاوێك بكە وەكو: دووركەوتنەوە لە هەموو ئەو خۆراكانەی كە چەوری هایدرۆجینبوویان Hydrogenated تێدایە كە بە چەورییە نێوەندەكان Trans-fats ناسراون و زیانبەخششن بۆ تەندروستی، وەكو خۆراكی خێرا و كەرە و بیسكویتەكان، نووسراوەكانی سەر خۆراكەكان و زانیاری خۆراكی سەر قوتووبەندەكان بە وردی بخوێنەوە، بە تایبەتی جۆر و رێژەی چەوری.
خواردنی گۆشتی سوور كەم بكەوە، ئەگەر بە كەمی بیخۆیت ئەو گۆشتە هەڵبژێرە كە چەوری(بەز) كەم لەخۆدەگرێت، دووركەوە لە خواردنی پێستی پەلەوەر، دووركەوە لەو شیر و بەرهەمانەی كە چەوری تەواویان تێدایە Full Cream، ئەوانە بەكاربێنە كە رێژەی چەوریان كەمتر بێت لە 1%(كەم چەوری Low fat) یان بێ چەورین Skimmed، رۆژانە بڕێكی زۆری میوە و سەوزەكان بخۆ و دانەوێڵەی تەواو زیاتر بەكاربێنە، كەرەی سروشتی و كەرەی دەستكرد(مارگەرین) تا رادەیكی زۆر كەم بكەوە، هەروەها لەم خۆراكانەش دووركەوە كە چەوری زۆر و چەورییە تێرەكان لەخۆدەگرن وەكو مایۆنێز و خۆراكی خێرا. بۆ هەموو كەسێك و بۆ هەموو تەمەنێك باشترە كە خۆراكی باڵانس و جۆراوجۆر بێت، كەم چەوری بێت بەتایبەتی چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندەكان و كۆلیستیرۆل، هەروەها بڕێكی كەمی لە خوێ(سۆدیۆم) تێدابێت.
Top