ڤیتامین D2 و ڤیتامینD3

ڤیتامین D2 و ڤیتامینD3
دوو جۆر ڤیتامین D لە یارمەتیدەرە خۆراكییەكان Supplements و ڤیتامین بە شێوەی دەرمان لە ئارادان، ڤیتامین D2 (یان ئێرگۆكالسیفیرۆل Ergocalciferol)، ڤیتامین D3 (یان كۆلیكالسیفیرۆل Cholecalciferol) كە زیاتر پەسند دەكرێت، بەڵام هەردووكیان كۆگاكانی ڤیتامینD لە لەشدا پڕدەكەنەوە. ڤیتامینD یەكێكە لەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێتەوە. ڤیتامینD پێویستە بۆ لەش، چونكە رۆڵی هەیە بۆ هەڵمژین و سوودوەرگرتن لە كانزای كالسیۆم كە گرنگە بۆ پتەوی ئێسك و ددانەكان. كەمی ڤیتامینD لە منداڵاندا دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسك واتە نەخۆشی ئێسكەنەرمە Rickets، لە گەورەكانیشدا دەبێتە هۆی بێ هێزبوونی ئێسكەكان Osteomalacia. ڤیتامینD بە رێژەیەكی بەرز لە خۆراكدا نییە، بە مانایەكی تر لەوانەیە كە تەنها بە خۆراك بڕی پێویستی رۆژانەی ئەم ڤیتامینە بە ئاسانی دابین نەكرێت، بۆیە لە پیشەسازی خۆراكدا ڤیتامینD دەخرێتە ناو گەلێك خۆراكەوە وەكو شیر، سیریلاك، پەنیر و خۆراكی تر، لەش توانای ئەوەی هەیە كە بە هۆی بەركەوتن بە تیشكی خۆرەوە ڤیتامین D بۆخۆی دابین بكات. دەتوانین بڵێین كە بەركەوتن بە تیشكی خۆر سەرچاوەی سەرەكییە بۆ ڤیتامینD، بۆیە لە وەرزی زستاندا و بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە بە رێژەیەكی كەم تیشكی خۆریان لێدەدات، بۆ نموونە باكوری كالیفۆرنیا تا دەگاتە بۆستن لە مانگەكانی زستاندا تێشكێكی لاوزی خۆری لێدەدات كە رێژەیەكی باش لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ناگەیەنێتە زەوی كە توانای دروستكردنی ڤیتامینD بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دابین بكات. بۆیە لەم ناوچانە و لە هەر شوێنێكی تری جیهاندا كە لە وەرزی زستاندا رێژەیەكی كەمی تیشكی خۆری لێدەدات، پێویست دەكات كە ڤیتامینD بە شێوەی دەرمان یان یارمەتیدەری خۆراكی لە لایەن دانیشتووانەكانیان بەكاربهێنرێت بۆ دابینكردنی پێویستی رۆژانەیان.
Top