هەفتـــانە چەند هێلـــكە بخۆم؟

هەفتـــانە چەند هێلـــكە بخۆم؟
هێلكە Eggs خۆراكێكی تەواو و تەندروستییانەیە. هێلكە بە خۆراكێكی تەواو Whole food دەژمێردرێت، چونكە گەلێك مادەی خۆراكی گرنگی تێدایە وەكو ڤیتامین A و ڤیتامین B و ڤیتامین D، كانزای ئاسن، كالسیۆم، فۆسفۆر، كەمێك زینك و یۆد. هەروەها هێلكە سەرچاوەیەكی باشی پرۆتینە، هێلكەیەكی قەبارە مام ناوەندی نزیكەی 7 گرام پرۆتینی تێدایە. پرۆتینی هێلكە لەو جۆرە پرۆتینانەیە كە هەرسكردنی ئاسانە. كەواتە خواردنی هێلكە رۆژانە پێویستە، تەنها دوو گروپی خەڵك پارێزیان لە خواردنی زەردێنەی هێلكە هەیە، ئەوانەی كە هەستەوەرییان بە هێلكە هەیە، هەروەها ئەو كەسانەی كە پارێزیان هەیە لە كۆلیستیرۆل وەكو نەخۆشانی دڵ و شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. ئەوانەی كە ئەم نەخۆشییە درێژخایەنانەیان هەیە دەتوانن هەفتانە تەنها دوو زەردێنەی هێلكە بخۆن. ماوەی هەرسكردنی پرۆتینی هێلكە دەگۆڕێت بە گوێرەی شێوەی ئامادەمكردنی هێلكە بۆ خواردن، بۆ نموونە لەكاتی سووركردنەوەی هێلكە لەناو رۆن یان زەیتی رووەكیدا، ئەوا پرۆتینەكە نزیكەی سێ(3) كاتژمێری پێویست دەبێت تاكو بە تەواوی هەرس بكرێت. كەچی لە كاتی كوڵاندنی هێلكەدا، ئەوا بۆ هەرسكردنی پرۆتینەكەی تەنها یەك كاتژمێر و نیو بۆ هەرسكردن پێویستە. هێلكە نزیكەی 75 كالۆری وزەی تێدایە كە دابەش بووە بەسەر 15كالۆری لە سپێنەدا و 60 كالۆری لە زەردێنەی هێلكەدا. هەروەها یەك زەردێنەی هێلكە نزیكەی 200 میللیگرام كۆلیستیرۆل چەوری لەخۆدەگرێ. هێلكەی كوڵاو خۆراكێكی تەواو و گونجاوە بۆ منداڵ و گەورە و پیرەكان، چونكە جوین و هەرسكردنی زۆر ئاسانە و بەهایەكی خۆراكی بەرزیشی هەیە. وا باشە كە هێلكە بە تەواوی هەردوو زەردێنە و سپێنەكەی كوڵابێت.
Top