زەیتی ماسی و ئۆمێگا3

زەیتی ماسی و ئۆمێگا3
زەیتی ماسی Fish Oil گەلێك لە ترشە چەورییە گرنگ و زەروورەكان بۆ لەش لەخۆدەگرێت. زەیتی ماسی، چەوری لە جۆری ئۆمیگا 3 تێدایە كە لە لەشدا گرنگی زۆری هەیە بۆ دروستبوونی چەورییە فۆسفۆیدەكان Phospholipids كە پێویستن بۆ خەپڵەكانی خوێن و خانەكانی خوێن، هەروەها بۆ دروستبوونی خانەكانی مێشك و تۆڕی چاو. زەیتی ماسی سوودی تەندروستی زۆری هەیە بە تایبەتی بۆ دابەزاندنی چەورییە گلیسریدە سیانییەكان و كەمكردنەوەی تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ، ماسی یان زەیتی ماسی بە شێوەی دەنك یان بە شێوەی دیكە هەر سوودە تەندروستییەكان دەبەخشێت. هەروەها رۆژانە خواردنی تەنها 2 گرام لە زەیتی ماسی ریخۆڵە لە نەخۆشی كرۆن Crohn’s یان هەستەوەری بەرانبەر بە گەنم دەپارێزێت، رۆژانە بەكارهێنانی 3 گرام زەیتی ماسی دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن، هەروەها رۆژانە دابینكردنی 3 گرام لە ئۆمیگا 3 كە لە زەیتی ماسیدایە نیشانەكانی هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە. زەیتی ماسی لە خۆراكی رۆژانەدا نیشانەكانی رەبو سووك دەكات، یارمەتی كرداری دروستبوونی شیر دەدات لە ژنی شیردەردا، ناڕێكی لێدانەكانی دڵ رێكدەخاتەوە، ئەگەری ئەكزیما كەم دەكاتەوە، ئەگەری سەرهەڵدانی نۆرەی دڵ كەم دەكاتەوە، یارمەتی فرمانی گورچیلەكان دەدات، ئێسك لە لاوازبوون دەپارێزێت، نیشانەكانی نەخۆشی سەدەف لە پێستدا سووك دەكات، رێگرە لەبەردەم تووشبوون بە هەوكردن و گرژبوونی قۆڵۆن، هەروەها بەرگری لەش بەهێز دەكات و خەمۆكی سووك دەكات. هەروەها ترشە چەوری لە جۆری ئۆمیگا 3 مرۆڤ دەپارێزێت لە نەخۆشی دڵ و جەڵتە و لاوازی هزر، لەبەر ئەوەی كە ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ لە خوێندا دادەبەزێنێت، هەروەها یارمەتی دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن دەدات.
Top