خوێندنەوەی زانیارییە خۆراكییەكان

خوێندنەوەی زانیارییە خۆراكییەكان
لەكاتی سەردانت بۆ سوپەرماركێتەكان، ئایا زانییارییەكانی خۆراكی Nutritional labeling سەر ئەو خۆراكەی كە دەیكڕیت دەخوێنیتەوە؟ خوێندنەوەی زانیاری خۆراكی بڕیاردانت بۆ خواردن و نەخواردنی دیار دەكات. لە گەلێك وڵاتدا دانانی زانییارییە خۆراكییەكان لەسەر قوتوو و كارتۆنەكانی خۆراكدا بە یاسا رێكخراوە كە دەبێ بە ئەمانەتەوە بنووسرێت، ئەمە جگە لە بەرواری دروستكردن و بەرواری بەسەرچوون(ئێكسپایەر). بەم رێگایە تۆ دەتوانیت خۆراكی گونجاو بۆ تەندروستی خۆت هەڵبژێریت. بە وردی سەرنجی جۆر و رێژەی چەوری و شەكر و خوێ بدە كە بە ناوی جۆراوجۆرەوە دەنووسرێن. بۆ نموونە چەوری لەوانەیە بە ناوی ترەوە لەسەر قوتووەكاندا بنووسرێت وەكو: لارد Lard، سمنە Ghee یان زەیتی خورما، زەیتی گوێزی هیندی، زەیتی رووەكی هایدرۆجینكراو، تالۆ Tallow، گلیسریدە یەكان و دووانییەكان Diglycerides . لە جیاتی شەكر لەوانەیە كە ناوی تر بنووسرێت وەكو: هەنگوین، دێكسترۆز، سوكرۆز، فركتۆز، لاكتۆز، مالتۆو، گلوكۆز، دێكسترین Dextrin یان ماڵت دێكسترین، سیرۆپ Syrups. هەروەها لەجییاتی خوێ لەوانەیە ناوی تر بنووسرێت وەكو: MSG، سۆدیۆم، سۆدای كێك یان پاودەری كێك Baking powder، براین Brine، كێڵپ Kelp، ساسی سۆیا Soy sauce. پاش ئەوەی كە لەگەڵ ئەو وشانەدا ئاشناییت پەیداكرد، دەتوانیت كە بە ئاسانی خۆراكی گونجاو بۆ خۆت دەستنیشان بكەیت، پاشان دەتوانیت كە خۆت بە وردەكارییەكانی تریشەوە ئاشنا بكەیت. بۆ نموونە، چەورییە تێرەكانSaturated fats، چەورییە ناتێرەكان، چەورییە نێوەندییەكان Trans-fats، كولیستیرۆل، كاسیۆم، ریشاڵ Fiber، ئاسن، هەروەها ناوی ڤیتامینەكان ..هتد.
Top