ڤاكسینی ئیفلیـجی منداڵان

ڤاكسینی ئیفلیـجی منداڵان
ئیفلیجی منداڵان Poliomyelitis نەخۆشییەكی ڤایرۆسیە، دوچاری ئەو منداڵانە دەبێت كە تەمەنیان لەژێر 5 ساڵ دایە، لەوانەیە تووشی ئیفلیج بوونێكی هەمیشەییان بكات كە چاكبوونەوەی بۆ نییە. نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی تر دەگوارزێتەوە، ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە لە سروشتدا نییە و سەرچاوەیەكی ئاژەڵیشی نییە. ساڵی 1916 پەتای نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان وڵاتانی بەڕیتانیا ـ سویسڕا ـ ئوستڕاڵیا ـ سوید ـ كەنەدای گرتەوە و تەنیا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بووە هۆی مردنی 7000 منداڵ بۆیە بە مەبەستی خۆپاراستن كە ئەوكات هێشتا ڤاكسینی كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان نەدۆزرابۆوە، خەڵك شاریان بەجێ دەهێشت و دەچونە گوندەكان و منداڵەكانیان قەدەغە دەكرد لە چوون بۆ قونابخانە و سینەما و حەوزەكانی مەلە و شوێنە گشتییەكان. 40 ساڵ پاش ئەم پەتایە د.ئەلبێرت سەیبین كە بە ڕەسەن جوولەكە بوو لە زانكۆی ئۆهایۆی ئەمریكیدا توانی ساڵی 1956 پاش چەندین لێكۆڵینەوە ڤاكسینی دژی ئیفلیجی منداڵان بە ڕێگای دەم بدۆزێتەوە. ئەو ڤاكسینەی لە تاقیگەدا لە ڤایرۆسی ئیفلیجی بێهێزكراو ئامادە كرد، پاشان ساڵی 1962 بە تەواوی بۆ منداڵان بەكارهات، بۆیە ڤاكسینەكە هەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە واتە سابین Sabin. بۆیە پاش بەكارهێنانی ئەم ڤاكسینە لەسەرتاسەری جیهاند ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان زۆر بە خێرایی ڕووی لە دابەزین كرد، بۆنموونە بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHOلە ساڵی 1981دا نزیكەی 70،000حاڵەتی ئیفلیجی منداڵان لەسەرتاسەری جیهاندا تۆمار كراوە كەچی لە مانگی ئابی 1994دا تەنیا 10،000 حاڵەتی ئیفلیجی منداڵان لەسەرتاسەری جیهان تۆماركراوە، بێگومان ئەمەش هەر لەبەر كوتانی منداڵانە بەم ڤاكسینە كە تاكە ڕێگایە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان، چونكە بەرگری بە منداڵ دەبەخشێ بە درێژایی تەمەنی.
Top