شووشتنی دەستەكان. رێگایەكی ئاسان بۆ پاراستنی تەندروستی

شووشتنی دەستەكان. رێگایەكی ئاسان بۆ پاراستنی تەندروستی
شووشتنی دەستەكان كاتێكی زۆر و مانووبوونێكی زۆری ناوێت، بەڵام رێگایەكی گرنگە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی. هەر چەندە ئەمە ئاسان نییە كە دەستەكانمان بە بێ میكرۆب بهێڵینەوە، بەڵام هەندێك جار شووشتنی دەستەكان یەكجار پێویستە بۆ رێگرتن لە گواستنەوەی بەكتریا و ڤایرۆس و میكرۆبی تر. پێویستە كە هەموو جارێك دەستت بشۆیت لەپاش: ئاودەست، گۆڕینی حەفازەی منداڵ Diaper، بەركەوتن و گرتنی ئاژەڵ یان پاشەڕۆی ئاژەڵ، پێش ئامادەكردن و پاش ئامادەكردنی خۆراك بەتایبەتی پاش ئامادەكردنی گۆشت و مریشك و ماسی خاو، پێش خواردن، پاش پاككردنەوەی لووت، پاش كۆكە و پژمین لەسەر دەستەكان، پێش و پاش مامەڵەكردن لەگەڵ برینەكان، پاش مامەڵەكردن لەگەڵ زبڵ و پاشماوەكاندا، پێش و پاش بەركەوتن بە كەسێكی نەخۆشیان كەسێكی بریندار، پاش بەكارهێنانی دەرگا و ژوورەكانی شوێنە گشتییەكان، پێش دانان و پاش لابردنی هاوێنەی لكاو Contact Lenses. سەرەتا دەستەكانت بە ئاوێكی گەرم یان شلەتێن تەڕكە، سابوونی رەق یان سابوونی شل بەكاربێنە تا كەفێكی تەواو دەكات، كەفەكە بەباشی لە دەستەكانت هەڵسووە و دەستەكانت لە یەكتر بخشێنە بە لای كەم بۆ ماوەی 15 چركە، هەموو رووەكانی دەست و نێوان پەنجەكان بەباشی بشۆ، پاشان ئاوێكی زۆری پیابكە، دەستەكانت بە خاولی یان دەستمالی كاغەزی بسڕەوە، سەری بەلوعەش بە خاولی بگرە و دایبخە. دەست شووشتن بكە نەرێتێكی بەردەوام بۆ پاراستنی تەندروستیت.
Top