رێگای ئاسان بۆ زیاتر خواردنی سەوزە و میوە

رێگای ئاسان بۆ زیاتر خواردنی سەوزە و میوە
لە بەرووبوومە رووەكیەكاندا جگە لە مادە خۆراكیەكانی وەكو پرۆتین، كاربۆهیدرات، ڤیتامین و كانزاكان چەند مادەیەكی تر هەن كە زۆر گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستی مرۆڤ، هەندێك لەو ماددانە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە وەكو لایكۆپێن، لیمۆنین، كوێرسێتین، فلاڤۆنۆیدەكان، فینۆلیكەكان..تاد. مادە كیمیاییە رووەكیەكان (فایتۆكێمیكەڵەكان (Phytochemicals ئەو ئاوێتانەن كە لەش دەپارێزن لە تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی. تا ئێستا زێتر لە 900 جۆری ئەم ماددانە ناسراون، هەروەها رۆژ لەدوای رۆژ جۆری دیكە دەدۆزرێنەوە. هەر خۆراكێكی رووەكی ژمارەیەكی زۆری لەم مادە كیمیاییانە تێدایە، بۆ نموونە قاپێكی سوپی سەوزەی تێكەڵاو پتر لە 100 جۆر لەم مادە كیمیاییانەی تێدایە. مادە كیمیاییە رووەكیەكان رۆڵیان هەیە لە پاراستن و چارەسەركردنی بە لای كەم پێنج نەخۆشی كوشندە كە هۆكارن بۆ زۆربەی حاڵەتەكانی مردن لە جیهاندا لەمانە : شێرپەنجە، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. هەوڵ بدە كە رۆژانە بڕێكی باش لە سەوزە و میوە و دانەوێڵە بخەیتە خۆراكت، ئەمەش كارێكی هێندە قوڕس نییە و كاتێكی زۆریشی ناوێت، بۆ ئەم مەبەستە چەندین هەنگاوی ئاسان و سادە هەیە بۆ نموونە: سەوزە و میوەی تازە یان فریزبوو یان قوتووكراو، ئەمانە هەموویان بە پێی گونجانی ژیانی رۆژانەت و كامیان ئاسانتر بێت بیخەرە ناو خۆراكت، لە جیاتی قاوە و سۆدە شیرەی میوەی سروشتی بخۆ، دەتوانیت میوەی وردكراو تێكەڵ بكەیت لەگەڵ ماست، شیر، كاستەر، كێك، سەلاتە، هەروەها لەگەڵ سوپ و شلەی سەوزەدا، وردە سەوزەی جۆراوجۆر تێكەڵ بكە وەكو گێزەر، تەماتە، بیبەر، سڵق، كەرەوز، بەقدونس، پونگ یان نەعناع، قەرنابیت، بەروبوومە پاقلەییەكان، سەڵاتەی تێكەڵاو بەردەوام لەسەر سفرە دابنێ وەكو تێكەڵاوی خیار، تەماتە، كەڵەم، كەروز، گێزەر، بەقدونس، كشمش، زەیتوون، بیبەر، خاس، هەوڵ بدە كە میوەی وشككراوەش لە ماڵەكەتدا نەبڕێت وەكو مێوژ، خورما، هەنجیر، كشمش، قەیسی. تاد.
Top