هۆكارەكانی زیاد تینووبوون

هۆكارەكانی زیاد تینووبوون
ئەمە روون و ئاشكرایە كە زیاد خواردنەوەی ئاو تەندروستییانەیە، بەڵام تێنووبوون پتر لە سنوورێكی دیاریكراو لەوانەیە كە كێشەیەكی تەندروستی یان نەخۆشی لەپاڵەوە بێت. زیاد تێنووبوون Polydipsia لەوانەیە كە نیشانە بێت بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، گەلێك جاریش نیشانەیەكە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی شەكرە. گەلێك جار زیاد تێنووبوون لە ئەنجامی ونكردنی شلە لەكاتی وەرزشكردندا یان لە ئەنجامی خواردنی خۆراكێكی شۆر و پڕخوێدا روودەدات. هۆكارەكانی تری زیادتێنووبوون بریتین لە: خۆراكی تیژ، خوێنبەربوون، نەخۆشی شەكرە، گەندە شەكرە Diabetes Insipidus، هەندێك دەرمان وەكو زیانی لابەلا، زیاد ئارەقەكردن، سكچوون لەبەر هەر هۆیەك، رشانەوەیەكی زۆر، كەم خواردنەوەی شلە و ئاو، كەم خواردنی سەوزە و میوە، پەككەوتنی دڵ، پەككەوتنی جگەر، پەككەوتنی گورچیلەكان. لەكاتی هەستكردنت بە زیاد تێنووبوون، هەوڵ بدە كە بڕێكی زۆری ئاو بخۆیتەوە نەك خواردنەوە شیرینكراوەكانی وەكو نوشابە گازدارەكان و شەربەتی دەستكرد و خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks، هەروەها رۆژانە بڕێكی باشی سەوزە و میوە بخۆ، چونكە رێژەیەكی بەرزی ئاویان تێدایە لەگەڵ ماددەی زۆر گرنگ بۆ تەندروستی. لەلایەن دكتۆریش چارەسەركردنی زیاد تێنووبوون دەكرێت بە دۆزینەوەی هۆكاری زیادتێنووببوون و چارەسەركردنی. لەوانەشە كە هەندێك جار زیاد تێنووبوون لەبەر هۆكاری دەروونییەوە رووبدات، لێرەدا نەخۆش پێویستی بە دكتۆری نەخۆشییە دەروونییەكانەوە دەبێت.
Top