گرژبوونی قۆڵۆن چارەسەری بنبڕی نییە

گرژبوونی قۆڵۆن چارەسەری بنبڕی نییە
گرژبوونی قۆڵۆن یان ناڕحەتیی قۆڵۆن IBS بریتییە لە تێكچوون یان شێوان لە ریتمی گرژبوون و خاوبوونەوەی ریخۆڵە ئەستوورە (قۆڵۆن). هەندێك جار قۆڵۆن زیاد گرژدەبێتەوە ئەمەش رەوانی وەكو سكچوون پەیدا دەكات، هەندێك جاریش قۆڵۆن زیاتر خاودەبێتەوە ئەمەش نیمچە قەبزییەك پەیدا دەكات. تا ئێستا هۆكاری راستەقینەی تووشبوون بەم نەخۆشییە بە تەواوی دیارنییە و چاكبوونەوی تەواویشی نییە. گرژبوونی قۆڵۆن بێزاری و نیگەرانییەكی زۆر بۆ تووشبوو پەیدا دەكات. بە هەرحاڵ، جگە لە دەرمان كەمكردنەوەی نیشانەكان و خۆپاراستن لە سەرهەڵدانی نیشانەكان بە چەندین هەنگاوی سادە ئەنجام دەدرێت وەكو: دووركەوتنەوە لە بارە ناجۆرە دەروونییەكان وەكو هەڵچوون و پەستی یان نیگەرانی هەروەها گوشاری دەروونی پاش كارەسات و شەكەتی دەروونی Stress، كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی كە ئەگەری نیشانەكان زیاد دەكەن بریتین لە:شیر و بەرهەمەكانی، نەستەلە و شوكولاتە، ئەلكهول بەتایبەتی بیرە، قاوە، چا، كاكاو، سۆدە، نوشابە گازدارەكان، خۆراكی خێرا، پیاز، سیر، بەهارات و تیژی، شیرینی و هەویركارییەكان، چەوری، بنێشت، شەكری فركتۆز. هەروەها جگەرەكێشان و هەندێك دەرمان نیشانەكان زیاد دەكەن. هەروەها جوولە و وەرزش رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كۆنترۆڵكردن و كەمكردنەوەی نیشانەكانی گرژبوونی قۆڵۆن. بەكارهێنانی دەرمانی وەكو دوسپاتالین Duspatalin و دەرمانی دژی خەمۆكی تەنیا نیشانەكان سووكتر دەكەن، بۆیە پێویستە لەسەر تووشبووان بە گرژبوونی قۆڵۆن كە ئەم راستییە بزانن كە ئەگەرچی بە نەخۆشییەكە تا راددەیەك ناڕحەتیش بن، بەڵام هەرگیز مەترسی لەسەر ژیاندا نییە
Top