گەڕیــــی

گەڕیــــی
گەڕیی Scabies (ألجرب) نەخۆشییەكی پێستی گوازراوەیە بەهۆی مشەخۆرێكی بچووكەوە پەیدا دەبێت. نەخۆشی گەڕیی لەهەموو جیهان و لەهەموو تەمەنێكدا بەدی دەكرێت. ئەم نەخۆشییە بە رێگەی بەركەوتنی راستەوخۆ، بە رێگەی بەیەكگەیشتنی سێكسی یان بە رێگەی هاوبەشیكردن لە جلوبەرگ و پێخەف و خاولی دەگوازرێتەوە. گرنگترین نیشانەی نەخۆشی گەڕیی بریتییە لە خورشتێكی یەكجار سەخت كە زیاتر لەكاتی شەودا روودەدات. مشەخۆری گەڕیی لە پێستدا تونێلی باریك و ناڕێك دروست دەكات كە كۆتاییەكەی دەبێتە بڵۆقێكی بچووك ئینجا قەتماخە دەگرێت، مێیینەی ئەم مشەخۆرە لەناو تونێلەكانی پێستدا گەرا دادەنێت كە پاش ماوەیەك دەبنە مشەخۆری هەراش و تەواو. نەخۆشی گەڕیی پێست بە چەند دەرمانێكی تایبەت چارەسەردەكرێت وەكو لیندێن Lindane و پێرمێترین Permethrin لەژێر چاودێری نزیكی دكتۆر، لەگەڵ شووشتنی لەش و جلوبەرگ و پێداویستییەكانی نووستن لە سەرین و پێخەف بە رێنماییەكی تایبەت، هەروەها ئەگەر لە خێزانێكدا تەنیا یەك كەس تووشی گەڕیی بووێت، پێویستە هەموو ئەندامانی ماڵەوە لە یەك كاتدا هەمان چارەسەر وەربگرن. شووشتنی جلوبەرگ و پێداویستییەكانی نووستن بە ئاوی گەرم و سابوون ئەنجام دەدرێت، هەندێك جاریش ئوتووی گەرم بەكاردێت بۆ دڵنیابوون لە لەناوبردنی مشەخۆری گەڕی یان دانە بەر تیشكی خۆری نیوەڕۆی بەهێز بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك.
Top