ئایا پێویستە منداڵان ماڵتی ڤیتامین وەربگرن؟

ئایا پێویستە منداڵان ماڵتی ڤیتامین وەربگرن؟
ئەو منداڵانەی كە خۆراكی رۆژانەیان هاوسەنگە، ئەوا پێویستی رۆژانەیان لەهەموو ڤیتامین و كانزایەكان بۆ دابین دەبێت، بۆیە هەرگیز پێویستییان بەوە نابێت كە ڤیتامین و كانزایەكان بەشێوەی یاریدەدەری خۆراكی Dietary supplements بە شێوەی شروب یان دەنك و كەپسول وەربگرن. بەكارهێنانی یاریدەدەرە خۆراكییەكان هەرگیز جێگرەوە نییە بۆ خۆراكی سرووشتی هاوسەنگ، بەڵام بە ناچاری دەدرێنە ئەو منداڵانەی كە ئارەزووی خواردنیان لاوازە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار خۆراكی سرووشتی ناخۆن، ئەمەش بێگومان لەژێر چاودێری دكتۆردا ئەنجام دەدرێت. یاریدەدەرە خۆراكییەكان بەگشتی بۆ منداڵان سەلامەتن بەمەرجێك پەیڕەوی ئەو رێنماییانە بكرێت كە لەسەر قوتووەكاندا نووسراون، ئەو جۆرە یاریدەدەرە خۆراكییانە بۆ منداڵەكەت بەكارمەهێنە كە ژەمی گەورەیان لە هەندێك ڤیتامین و كانزا تێدایە بەتایبەتی ڤیتامین A و ڤیتامین D و كانزای ئاسن، چونكە كاریگەری ژەهراوی پەیدا دەكەن. هەوڵ بدە بەردەوام منداڵەكەت هان بدەیت بۆ خواردنی دانەوێڵە، شیر و بەرهەمەكانی وەكو سەرچاوەی كالسیۆم، چەوری تەندروستییانە وەكو زەیتی زەیتوون، لەگەڵ بڕێكی گەورەی سەوزە و میوەی تازە. هەندێك لە خۆراكی منداڵان بە ڤیتامین و كانزا بەهێزكراون، بۆ نموونە دەوڵەمەندكردنی دانەوێڵە و شیر و پەنیر بە ڤیتامین A و ڤیتامین D و كانزای كالسیۆم، دەوڵەمەندكردنی نان یان سەموون بە كانزای ئاسن و كۆمەڵەی ڤیتامین B، دەوڵەمەندكردنی شیرەی پرتەقاڵ بە ڤیتامین C و كالسیۆم. لەسەر دایكان پێویستە كە وریابن لە هەندێك فۆرمیولای یاریدەدەرە خۆراكییەكان كە نەكەوتوونەتە ژێر رێكخستن لە لایەن ئاژانسی دەرمان و خۆراكی ئەمریكییەوە FDA بەتایبەتی ئەو فۆرمیولایانەی كە ریكلامیان بۆ دەكرێت گوایە سیستمی بەرگی لەش بەهێز دەكەن یان فرمانی مێشك باشتر دەكەن.
Top