سەرچاوەی شیرین بۆ ڤیتامینەكان

سەرچاوەی شیرین بۆ ڤیتامینەكان
سەرچاوەی ڤیتامینەكان كە چێژیان شیرین بێت میوەكانن نەك نوشابە گازدارەكان و شیرەی دەستكردی میوە یان شەربەت و ساردەمەنییەكان. هەندێك میوە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن، هەندێك میوەی دیكە رێژەیەكی كەمتر. ئەو جۆرانەی میوە كە رێژەیەكی بەرزی شەكریان تێدایە پێویستە كە بە كەمی بخورێن لەلایەن ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت كێشی لەشیان دابەزێنن یان نایانەوێت كە كێشی لەشیان زیاد بكات، یانیش نەخۆشی شەكرەیان هەیە. گەلێكن ئەو جۆرانەی میوە كە ئاستێكی بەرزی شەكر بەشێوەی گلوكۆز Glucose یان شەكری میوە (فركتۆزFructose ) لەخۆدەگرن وەكو: سێو، گێلاس، ترێ، مانگۆ، هەرمێ، ئەناناس، هەنار، مۆز، هەنجیر، خورما، میوەی وشككراو. ئەو جۆرانەی میوە كە ئاستێكی نزمی شەكر لەخۆدەگرن، گونجاون بۆ قەڵەوەكان و بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ كێشی لەشیان دابەزێنن، هەروەها تا راددەیەكیش بۆ نەخۆشانی شەكرە بە مەرجێك بە بڕی كەم بخورێن، ئەم جۆرانەی میوە بریتین: كاڵەك(گندۆرە)، شووتی، قەیسی، لیمۆ، پرتەقال، گرێپ فرووت Grapefruit، خۆخ، ئاڵو Plum، كیوی. هەر كامێك لەم جۆرانەی میوە، باشترە كە ئاوا بێ وردكردن یان گوشین بخورێن تاكو زۆربەی ماددە خۆراكییە بەسوودەكانی پارێزراو بێت، بۆ نموونە كە هەر میوەك دەكرێتە شیرە، ئەوا رێژەی ریشاڵەكەی زۆر كەمترە لە خودی میوەكە كە ئاوا یان بە تەواوی بخورێت. جگە لەمەش، بە وردكردنی میوە رێژەی ڤیتامینەكانیشی كەمتر دەبنەوە. هەروەها كە میوە ئاوا دەخورێت، ئەوا رووبەرێكی گەورە لە گەدەدا داگیر دەكات، بەمەشەوە هەستی تێربوون زووتر دەبەخشێت، هەر بۆیەشە كە خواردنی میوەكان بەتایبەتی ئەوانەی كە رێژەیەكی نزمی شەكر لەخۆدەگرن زۆر گونجاون بۆ كۆنترۆلكردن یان دابەزاندنی كێشی لەش.
Top