ناڕحەتی قاچەكان لەكاتی نووستندا

ناڕحەتی قاچەكان لەكاتی نووستندا
بە پێی ئامارەكان نزیكەی 10%ی دانیشتووان دوچاری ناڕەحەتی قاچەكانیان دەبنەوە لەكاتی نووستندا. دیاردەی ناڕەحەتی قاچەكان Restless leg syndrome راستەوخۆ یان نزیكەی نیو كاتژمێر پاش چوونە ناو جێگای نووستن دەستپێدەكات، هەندێك جار ڕان و قۆڵ و باسكەكانیش دەگرێتەوە. ئەم گرفتە لە پیاو و ئافرەتدا وەكو یەك روودەدات، بەڵام ئافرەتە دووگیانەكان پتر تووشی دەبن و خۆشبەختانە راستەوخۆ پاش منداڵبوون چاك دەبنەوە. تا ئێستا هۆكاری راستەقینەی ئەم گرفتە بە تەواوی نازانرێت، بەڵام هۆكارە هاندەرەكان بریتین لە: بەركەوتن بە سەرما، زوو نووستن، كەمخوێنی لەبەر كەمی ئاسن، جگەرەكێشان، خواردنەوەی ئەلكهول، ماندووبوون و هیلاكی بەدەنی، پەستی و نیگەرانی، شەكەتی دەروونی (سترێس (Sress، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی لە گلاندی دەرەقی، هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان. بەگشتی لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ناڕحەتی قاچەكان لەكاتی نووستندا بە گرفتێكی تەندروستی گەورە دانانرێت و زۆر جار لەخۆیەوە دێت و دەڕوات. هەنگاوەكانی چارەسەركردن بریتین لە: شێلان(مەساج) و شووشتنی قاچەكان بە ئاوی گەرم، بەكارهێنانی دەنكی تایلینۆل Tylenol یان ئەسپرین بەر لەكاتی نووستن، دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كافائینییەكان، درەنگ نووستن، مەشقی وەرزشی رۆژانە.
Top