تۆ گەنجیت بۆ زوو ماندوو دەبیت؟

تۆ گەنجیت بۆ زوو ماندوو دەبیت؟
لەوانەیە كە هۆكاری زوو ماندووبوون و تەگەرەیەكی كاتی لە هەناسەدا بگەڕێتەوە بۆ شڵەژان و تێكچوونی فرمانی دڵ و سییەكان، بۆیە لە گەنجیشدا زوو ماندووبوون و كێشە لە هەناسەدا لەوانەیە گرفتێكی تەندروستی لەپاڵەوە بێت. لەگەڵ جووڵەدا لێدانەكانی دڵ و هەناسە خیرا دەبن، ئەگەر دڵ نادروست یان نەخۆش بوو ئەوا لەكاتی جووڵەدا ناتوانێ كە بڕێكی باشی خوێن پاڵ بنێت بۆ ناو خوێنبەرەكانی لەش، واتە بڕێكی كەمتر لە پێویست خوێن پاڵ دەنێ بۆ لەش و سییەكان، بەمەوە دڵ زیاتر لێدەدات و هەناسە خێراتر دەبێت، پاشان خاوەنەكەی هەست بە ماندووبوون دەكات هەرچەندە كە جووڵەیەكی ئاواشی ئەنجام نەدابێت كە بە مانای وشە ماندوو و هیلاكی بكات. ئەگەر دڵ پەكی بكەوێت، ئەوا خوێن لە شانەكاندا كۆ دەبێتەوە و دەبێتە هۆی كێشەیەكی گەورەتر لە سییەكاندا، بۆیە لەوانەیە كە ئەو كەسە لەكاتی پشوودانیشدا هەر هەناسەی تەنگ بێت و هەست بە ماندووبوون بكات. كەواتە دڵ بە پلەی یەكەم تاوانبارە لەم كێشەیەدا ئینجا نەخۆشی لە سییەكان و بۆڕیەكانی هەوا وەكو رەبو Asthma. شڵەژانی باری دەروونیش زۆرجار بە شێوەیەكی كاتی دەبێتە هۆی زوو ماندووبوون و هەناسە تەنگی وەكو ئەوەی كە لە قوتابییەكاندا بەر لە دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان بەدی دەكرێت، دەبێ ئەوەش لەبیر نەكەین كە جگەرەكێشان و قەڵەوی دوو هۆی گرنگی ترن بۆ زوو ماندووبوون و كێشەی هەناسە لە گەنجاندا.
Top