پەستی هۆكاری سەرسووڕانە لە گەنجەكاندا

پەستی هۆكاری سەرسووڕانە  لە گەنجەكاندا
پەستی (قلق Anxiety) واتە ترس و نیگەرانی لە شتێك، لە كارێك یان لە ئەندێشەیەك كە لە واقیعدا هێشتا نەبووە یان رووینەداوە. سیگمۆند فرۆید پێیوایە كە پەستی هەر لە منداڵییەوە دەچەسپێ لەو كاتەی كە پێویستییەكانی منداڵ دەستەبەر نەكرابن، بۆیە لە دواڕۆژدا ئەگەری تووشبوون بە پەستی دێتە پێشەوە. هۆیەكانی تووشبوون بە پەستی بریتین لە: رێگرتن لە سەربەستییە رایەڵ و رێپێدراوەكان لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ سنوورداركردنی جوولە و بیركردنەوە و قەدەغەكردنی لە چالاكییە جۆراوجۆرەكان دەبێتە ئەگەری تووشبوون بە پەستی لە ئاییندەدا، تۆقین و ترس لە رووداوێك، بینای بایۆلۆژی واتە بوونی كەسێتی گرژ كە كەسێتییەكی پێنەگەیشتوو و لاوازە و ئەگەری دوچاربوون بە پەستی زیاتر دەكات. لەكاتی روودانی پەستییەكی تیژدا، گەلێك گۆڕان بەسەر جەستەدا دێن وەكو دڵەكوتێ، ئارەقەكردن لەبەر زیادبوونی هۆرمۆنی ئەدرینالین Adrenaline لە لەشدا، سەرئێشە، سەرسووڕان، نائارامی، تێكچوونی ئارەزووی خواردن، تێكچوونی خەو. پەستی بەتایبەتی لە گەنجەكاندا بە سەرسووڕان خۆی دەنوێنێت.
Top