ماسی سالمۆن و دابەزینی كۆلیستیرۆل

ماسی سالمۆن و دابەزینی كۆلیستیرۆل
كۆلیستیرۆلی بەرز یەكێكە لە لە سەردێڕە گرنگە تەندروستییەكانی ئەمڕۆدا. كۆلیستیرۆل ئەم ماددە مۆمییە زەردباوەیە كە هەندێك جار لەناو خوێنبەرەكاندا دەنیشێت و تەسكیان دەكاتەوە و گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات. ئەمە جۆرە خراپەكەی كۆلیستیرۆلە LDL كە بە كرداری ئۆكسان Oxidation لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرە مام ناوەندییەكاندا دەنیشێت و دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنبەرەكان Artereosclerosis. لەلایەكی ترەوە جۆرە باشەكەی كۆلیستیرۆل HDL وەكو گەسك جۆرە خراپەكەی كۆلیستیرۆل رادەماڵێت و رێگە لە نیشتنی دەگرێت بە گەڕاندنەوەی بۆ جگەر. دەكرێت كە بە چەندین رێگە جۆرە باشەكەی كۆلیستیرۆل بەرز بكرێتەوە و جۆرە خراپەكەی دابەزێنرێت. بۆ ئەم مەبەستە گۆڕینی خۆراك رێگەیەكی كارایە، ماسی سالمۆن Salmon بە رێژە بەرزەكەیی ئۆمیگا3 سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ جۆرە باشەكەی كۆلیستیرۆل. ئەم چەورییە لە ترشە چەورییە فرە ناتێرەكانە كە تەنیا لە خۆراكەوە سەرچاوە دەگرێت. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی ماسی سالمۆن بۆ ماوەی 20 رۆژ، كۆلیستیرۆلی باش لە خوێندا بە رێژەی 10% بەرز دەكاتەوە.
Top