هۆكارەكانی كۆكە

هۆكارەكانی كۆكە
كۆكە Coughing بریتییە لە كاردانەوەی سییەكان بەرانبەر بە هەر داڕوشێنەرێك یان وروژێنەرێكی كۆئەندامی هەناسە. كۆكە لەوانەیە وشك Dry cough لەوانەشە تەڕ Wet cough بێت، واتە دەردراو لەخۆ بگرێت. هەر ماددەیەك لە ژینگەدا كە وروژێنەر بێت بۆ كۆئەندامی هەناسە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری كۆكە. ئەگەر تۆ هەستەوەریت لە كۆئەندامی هەناسەدا هەبێت، ئەوا لەوانەیە كە دوكەڵ، ماددەی كیمیایی، جۆرەها هەڵم، تۆز و خۆڵ، هەتا بۆن و سپرای قژ، كۆكەت بۆ پەیدا بكەن. رەبو Asthma زیاتر كۆكەیەكی وشك پەیدا دەكات لەگەڵ ویزە لە سینگدا، بەگشتی رەبو باوترین هۆكارە بۆ كۆكەیەكی دەستنیشان نەكراو بەتایبەتی لەكاتی شەودا. هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە بە بەكتریا یان ڤایرۆس یان بە كەڕوو، بۆ نموونە هەڵامەت تا دەگاتە هەوكردنی بۆڕی هەناسە و هەوكردنی شانەكانی سییەكان Pneumonia دەبنە هۆی كۆكە. جگەرەكێشان بێگومان هۆكارێكی زەقە بۆ كۆكەی تەڕ بەتایبەتی كە بۆ ماوەیەكی زۆر بێت. گەڕانەوەی خۆراك و ترشەڵۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سورێنچك و قوڕگ هۆكارێكی سادەیە بۆ كۆكە لەبەر كڕانەوە و سووتانەوەی قوڕگ بە هۆی ترشەڵۆكی گەدە. گرێ یان شێرپەنجەی سییەكان كە باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە پیاو و ئافرەتدا بە شێوەیەكی سەرەكی و وەكو یەكەم نیشانە بە كۆكە خۆی دەنوێنێت.
Top