كەمی ڤیتامین B1 (بێری بێری)

كەمی ڤیتامین B1 (بێری بێری)
ڤیتامینB1 یان تایامین Thiamine رۆڵێكی گرنگی هەیە لە زیندەكردارەكانی وەدەستهێنانی وزە (میتابۆلیزمی وزە) لە لەشدا و لە فرمانی كۆئەندامی دەماردا، هەروەها ئەم ڤیتامینە یارمەتی ئارەزووی خواردن دەدات. گرنگترین سەرچاوەكانی ڤیتامینB1 بریتین لە: گۆشت، ماسی، شیر، جگەر، دانەوێڵەی تەواو Whole grain، پاقلەمەنییەكان، كاكڵی گوێز و باوی و كازو. كەمی ڤیتامینB1 لە خۆراك و پاشان لە لەشدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی بێری بێری Beriberi كە كاریگەری دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار و ماسوڵكەكان و نیشانەكانی بریتین لە: پووكانەوەی دەمار و ماسوڵكەكان، بێهێزی ماسوڵكەكان، ئازار لە ماسوڵكەكانی قاچەكان، گرفت لە رۆیشتن و وەستان لەسەر قاچەكان، هەندێك جاریش نەخۆش دوچاری جۆرێك ئیفلیجی Paralysis دەبێتەوە. نەخۆشی بێری بێری كاریگەری تر دەكاتە سەر خوێن و كۆئەندامی دڵ و سووڕان كە نیشانەكانی بریتین لە: ئاوسانی لەش Edema، گەورەبوونی قەبارەی دڵ، تێكچوون لە ریتمی لێدانەكانی دڵ، هەندێك جاریش لە حاڵەتە سەختەكاندا لەكاركەوتنی دڵ Heart failure روودەدات.
Top