زیاد خواردنەوەی ئاویش زیانبەخشە

زیاد خواردنەوەی ئاویش زیانبەخشە
مرۆڤی لەش ساغ دەتوانێت كە بڕێكی زۆر ئاو بخواتەوە بێ هیچ مەترسییەك بۆ تەندروستی، بەشە زیادەكەی ئاو بە شێوەیەكی سەرەكی لە ڕێگەی میزەوە فڕێ دەدرێت، بەڵام بە دوو گورچیلەی تەواو و دروستەوە كە وەكو فلتەر كاردەكەن. چەند نەخۆشییەك توانای گورچیلە بۆ دەردانی بڕی زیادی ئاو كەم دەكەنەوە لەكاتی خواردنەوەی بڕی زیادی ئاودا، لەم نەخۆشییانە: نەخۆشی تیژ و درێژخایەنی گورچیلە، لەكاركەوتنی دڵ Heart failure، نەخۆشی كوێرە ڕژێنەكان، مۆمبوونی جگەر Liver cirrhosis، لێرەدا ئەگەر نەخۆش بڕێكی زۆری ئاو بخواتەوە دوچاری ژاراویبوون بە ئاو دەبێت. هەروەها توانای نەخۆش پاش نەشتەرگەری بۆ زیاد بەكارهێنانی ئاو بۆ خواردنەوە كەم دەبێتەوە و لەوانەشە كە رووبەڕووی ژاراویبوون بە ئاو بێتەوە. دیسان هەندێك دەرمانیش توانای گورچیلەكان بۆ دەردانی ئاوی زیاد كەم دەكەنەوە وەكو ئەو دەنكانەی كە بۆ نەخۆشی شەكرە بەكاردێن. لەو حاڵەتانەی سەرەوەدا، زیاد بەكارهێنانی ئاو چڕی پلازمای خوێن و رێژەی سۆدیۆمی خوێن كەم دەكاتەوە، دەرەنجام چەند نیشانەیەك لە نەخۆشدا دەردەكەون وەكو شێوان لە فرمانەكانی مێشكدا، سەرسووڕان، سەرئێشە، هێڵنج. ژاراویبوونێكی توند بە ئاو لەوانەیە كە ببێتە هۆی پەیدابوونی گەشكە و بوورانەوە كە زۆرجار مەترسی لێدەكرێت.
Top