باڵوێزی تورکیا شێوازی وەڵامدانەوەی بۆردومانکردنی سەربازانی وڵاتەکەی لە نەینەوا ئاشکرا دەکات

باڵوێزی تورکیا شێوازی وەڵامدانەوەی بۆردومانکردنی سەربازانی وڵاتەکەی لە نەینەوا ئاشکرا دەکات
باڵوێزی کۆماری تورکیا لە بەغدای پایتەختی عێراق، شێوازی وەڵامدانەوەی بۆردومانکردنی سەربازانی وڵاتەکەی لە نەینەوا، ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە 17-4-2021، فاتح یڵدز، باڵوێزی تورکیا لە بەغدا، سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد و لە بارەگای پارێزگا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ نەجم جبوری، پاریزگاری نەینەوا ساز کرد.

فاتح یڵدز رایگەیاند: وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی بۆ ئەو گرووپە چەکدارییانەی سەربازگەی وڵاتەکەیان لە نزیک باشیک بۆردومان کرد، ”لەڕێی حکوومەتی عێراقییەوە دەبێت“.

باڵوێزی تورکیا لەبارەی دەرکردنی گرووپەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەشنگال، رایگەیاند، تورکیا بە گرنگییەوە لە رێککەوتنی بەغدا و هەولێر بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆی، دەڕوانێت.

فاتح یڵدز ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای هەستکردن بەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ کراوە، تورکیا پاڵپشتیی وەبەرهێنان لە شنگال و نەینەوا بە گشتی دەکات.

شەوی چوارشەممە 14-4-2021، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: بە مووشەک هێرش کرایە سەر سەربازگەی زلیکان لە نزیک باشیک و بەهۆیەوە سەربازێکی تورکیا گیانی لەدەست دا.













باسنيوز


Top