كۆڤید-19، شەڕی نرخی نەوت، و دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

كۆڤید-19، شەڕی نرخی نەوت، و دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روبەڕوی وەرچەرخانێكی بێپێشینە بۆتەوە. بە چەشنێك چیدی هەمان ئەو ناوچەیەی پێش سەرهەڵدانی كۆڤید-19 نابێت. پێش پەتاكە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانیبووی دەرهاویشتە جیۆستراتیژییەكانی بەهاری عەرەبی ئاسایی بكاتەوە. تونس قۆناغی راگوزەری بەرەو دیموكراسیەتێكی كارا تێپەڕاند، دۆخەكە لە میسر بە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن كەسێكی بەهێزەوە كۆتایی هات، سوریا كارەساتی لێكەوتەوە، ئەردەن و مەغریب چاكسازی زیاتریان ئەنجامدا، لە كاتێكدا هێشتا سودان و جەزائیر دەست و پەنجە نەرم دەكەن لەگەڵ قۆناغە راگوزەریەكەدا و لوبنانیش لەسەر لێواری داڕوخانێكی ئابوورییە.
وەك كاردانەوەیەكی راستەوخۆ بۆ بەهاری عەرەبی، وڵاتانی كەنداو سەروەتی نەوتیان بەكارهێنا بۆ گوڕوتیندان بە دارایی وڵاتەكانیان و تەركیزیان كردەسەر بەكارخستنی هاوڵاتییانێكی زیاتر و زیادكردنی مووچەكانیان و دروستكردنی ژێرخان و دابینكردنی دارایی بۆ رێكخراوە ئاینییەكان. ئەم سیاسەتە داراییە بەرفراوانە سەركەوتو بوو لە خاوكردنەوەی ناڕەزایەتییەكان لە دژی رژێمە پاشایەتییەكانی كەنداو. كاتێك هەڕەشەكە لە ناوخۆدا بەرەو داكشان چوو، وڵاتانی كەنداو خەرجییەكانیان تەرخان كرد بۆ نەهێشتنی بزوتنەوە ناڕەزاییەتییەكان لە ناوچەكەدا. بۆ نموونە، سعودیە و ئیمارات و كوەیت پشتیوانی داراییان بۆ سەرۆكی میسر، عەبدولفەتاح ئەل سیسی دەستەبەر كرد بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە و دروستكردنی پرۆژەی گەورەی بواری بنیاتنانی ژێرخان. پشتیوانی دارایی هاوشێوە بۆ تونس، مەغریب، یەمەن، لوبنان، بەحرەین و عێراق تەرخان كرا، هەروەها بۆ پارتە بەشەڕهاتووەكانی لیبیا. ئەم پشتیوانییە داراییەی كەنداو بۆ ئەو ئابوورییانەی لە كێشە و گرفتدابوون- كە هەندێ جار وەك بانكی ناوەندی سێبەر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد دەكرێت- كاریگەرییان هەبوو لە خاوكردنەوەی ناڕەزاییەتییەكان و رێگریكردن لە گردبونەوەی گەردەلولەكە.
هەرچۆنێك بێت، هەر زوو لە ساڵی 2020دا، جیوئابووری و جیوپۆلەتیك بەرەو داكشان چوون بەهۆی كۆڤید-19ەوە، وەك شەڕی نرخی نەوت و سستبونی توندی ئابووری. بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رژێمە پاشایەتییەكانی كەنداو بە تایبەت، شەڕی نرخی نەوت لە دژی روسیا و نەوتی لیتەیی ئەمەریكا و داكشانی ئابوورییەكان لە جیهاندا، فشارەكانی لەسەر سەرچاوە داراییەكانی كەنداو- كە خۆیان لە خۆیاندا بەرەو كەمبونەوە دەچن- دروست كردووە، كە بە شێوەیەكی ئاسایی بونەتە مایەی بەرپێگرتن بە داڕوخانی زیاتر لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشەدا.
دەستەبەركردنی دارایی بۆ ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەكی ئیقلیمی
لە ساڵی 2011دا، كاتێك وا دەردەكەوت كە بەهاری عەرەبی چارەنوسێكی حەتمی بێت بۆ سەركردە عەرەبەكان، وڵاتە پاشاییەتیەكانی كەنداو بە خێرایی كۆمەڵێك رێككاری بوژاندنەوەیان گرتەبەر و پشتیوانیان بۆ دراوسێ كەمتر دەوڵەمەندەكانیان دەستەبەركرد، ئەویش بە ئامانجی بەرگرتن بەو خۆپیشاندانانەی ناوچەكەی گرتبۆوە. بۆ نموونە كۆچكردوو مەلیك عەبدوڵای سعودیە 130 ملیار دۆلاری خەرجكرد بۆ زیادكردنی مووچە، هەلی نوێی كاری رەخساند، بەرنامەی لێخۆشبونی قەرزی پیادەكرد. ئیمارات، كوەیت، قەتەر، بەحرەین و عومان هەمان هەنگاویان هەڵگرت و موچەیان زیادكرد و هاوكاریی خۆراك و نەوتیان دەستەبەركرد و داراییان بۆ بواری بنیاتنانەوەی ژێرخان دابینكرد. كاتێك دۆخەكە سەقامگیر بۆوە لە نێو وڵاتانی كەنداودا، گەمەكاری سەرەكی ( سعودیە، ئیمارات و قەتەر) یەدەگی خۆیان بەكارهێنا بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەیان لە ناوچەكەدا. قەتەر خۆی وەك پێشەنگی دیموكراسی خستەڕوو و لە رووی داراییەوە پشتیوانی حكومەتەكانی دوای شۆرشی كرد لە تونس و میسر. لە هەمان كاتدا، سعودیە و ئیمارات و كوەیت سەنگی دارایی خۆیان بەكارهێنا بۆ بەرژەوەندی سەرۆك سیسی و مەلیك عەبدوڵا بۆ سەقامگیركردنەوەی بودجەی میسر و ئەردەن. سەرەڕای زیادبوونی كەلێنی نێوان ریاز و بەیروت، سعودیە پارێزگاری لە پێگەی خۆی كرد وەك پشتیوانكاری سەرەكی لوبنان لە رووی داراییەوە. لە كەنداوی عەرەبیدا، دەوڵەتە دەوڵەمەندەكان- سعودیە، ئیمارات، قەتەر و كوەیت- بەڵێنی هاوكاری داراییاندا بە بەحرەین و عومان. سعودیە بەڵێنی هاوكاریدا بە یەمەن لە میانەی شەڕەكەیدا لەگەڵ حوسییەكان. لە ساڵانی 2018-19 شەپۆلێكی دیكەی خۆپیشاندانی بەهاری عەرەبی سەریهەڵدا، و وڵاتانی كەنداو هەمان رێچكەیان لەگەڵ سودان بەكارهێنا و چالاكانە هەوڵیاندا رێككاری هاوشێوە بگرنەبەر لەگەڵ جەزائیردا.
ناوچەی كەنداو و دوو تەحەدی
لە ئێستادا، رژێمە پاشایەتییەكانی كەنداو روبەڕوی دوو تەحەدی بوونەتەوە: كۆڤید-19 و لێكەوتە ئابوورییەكانی، و شەڕی نرخی نەوت لەگەڵ روسیا. لە ساڵی 2010 بە دواوە رژێمە پاشایەتییەكانی كەنداو چالاكانە هەوڵیاندا بە دوور لە نەوت و غاز ئابورییەكانیان جۆراوجۆر بكەن بەوەی داهاتی كەڵەكەبووی نەوت لە كەرتەكانی دیكەدا بخەنەگەڕ: ژێرخان، گەشتوگوزار، چاودێری تەندروستی، و چارەسەری تەكنەلۆژی و دارایی. بەڵام هێشتا ئەم هەوڵە پێشكەوتنخوازانە بۆ جۆراوجۆركردنی ئابووری پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن. لە ساڵی 2020، سندوقی نێودەوڵەتی دراو لیستی ئەو نرخانەی خستەڕوو كە دەبێت بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بەدەست بهێنرێت لە پای بەرهەمهێنانیدا، ئەویش بەم جۆرە: 45 دۆلار بۆ قەتەر، 54 دۆلار بۆ كوەیت، 91 دۆلار بۆ بەحرەین، 83 دۆلار بۆ سعودیە. ئێستاش بەهۆی نرخی نەوتەوە ئەو ژمارانە دو هێندە و سێ هێندە بوونە، بەڵام وڵاتانی كەنداو هێشتا ئومێدی ئەوەیان هەیە بە سپونسەری ئەمەریكا بگەنە رێككەوتن لەگەڵ روسیا بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 10-15 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. هەرچۆنێك بێت، گومانی تێدا نییە كە داكشانی كتوپڕی ئابووری جیهانی بەهۆی كۆڤید-19ەوە و نادڵنیاییەكان لەبارەی بوژانەوەی ئابووری چین، خواستی نێودەوڵەتی لە چارەكی دووەم و سێیەمی ئەم ساڵدا لەسەر نەوت كەم دەكاتەوە. واقیعی جیوئابووری جیهانی پێچەوانەیە لەگەڵ ئومێد و پێداویستی زۆری ئابوورییەكانی كەنداو بە بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروەختی پێش سەرهەڵدانی پەتاكە. ئێستاش كە بەرچاوڕوونیەكی سنوردار هەیە لەبارەی ئەوەی پەرەسەندنی كۆڤید-19ەوە ئاڵۆزییەكی زیاتری دروست كردووە بۆ تەحەددی پەیوەست بە نزمی نرخی نەوتەوە، كە حاڵی حازر بۆتەهۆی دابەزینێكی گەورە لە تێكڕای داهاتی نیشتمانی لە ساڵی 2020، و زیادبوونی كورتهێنانی بودجە و ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم هەوڵەكانی جۆراوجۆركردنی ئابوورییەوە. بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی كۆڤید-19، و سستبونی كتوپڕی ئابوری جیهانی و نزمی نرخەكانی نەوت، ئەوا حكومەتە پاشاییەتیەكانی كەنداو پێویستیان بە دەستبردن بۆ سندوقی سیادی هەیە لەگەڵ توندتۆڵكردنەوەی بودجەكانیان لە رێی كەمكردنەوەی خەرجییە حكومییەكانەوە. سنورداربوونی دارایی وڵاتانی كەنداو بە مانای رەوانەكردنەوەی هەزارای كرێكاری ناوچەكە دێت بۆ وڵاتەكانیان: بۆ میسر، سوریا، لوبنان، مەغریب، ئەردەن و تونس.
ئەم وڵاتانە -كە بەرهەمهێنەری نەوت نیین- بۆ ماوەیەكی دورودرێژ پشتیان بەستووە بەو پارەیەی هاوڵاتییەكانیان- ئەوانەی لە كەنداو كاردەكەن- بۆیان دەنێرنەوە. بۆ نموونە، ئەو پارەیەی وەك حەواڵە لە ساڵی 2019دا بۆ میسر رەوانەكرایەوە 25 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، كە ئەمەش سەرچاوەی سەرەكی بەدەستهێنانی دراوی قورس بوو بۆ ئەو وڵاتە. ئەم پارەیە لە سەتا 12.7ی تێكڕای داهاتی نیشتیمانی لوبنانی پێكهێنا لە ساڵی 2018 و پشتبەستنی ئەم وڵاتانەش بەم پارەیە زیاتر بوو لەگەڵ خراپبوونی دۆخە ئابووریەكەدا.
كاریگەرییە ناڕاستەوخۆ جیۆپۆلەتیكییەكان
لە ڕاستیدا سنورداربونی باری دارایی وڵاتانی كەنداو نەك تەنها كاریگەری لەسەر ناردنەوەی ئەم پارانە دەبێت، بەڵكو كاریگەری لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتانەش دەبێت كە پێشتر و لە سەروەختی قەیراندا هاوكاری و پاڵپشتیان لەلایەن كەنداوەوە بۆ دەستەبەر دەكرا. نموونەیەكی هەرە روون لەبارەی ئەم گۆڕانكارییە بنەڕەتییانەی پەیوەست بە جیۆپۆلەتیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بریتیە لە وڵاتی لوبنان. پێش قەیرانی كۆڤید-19، سعودیە و فەڕەنسا لە گفتوگۆدا بوون بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی دارایی بۆ ئابووری شڵەژاوی لوبنان. ئەوەی جێی سەرسوڕمان نەبوو ئەوەبوو سعودیە ئەم داراییەی تەرخان كرد بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتاكە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لەسەر هاوڵاتییانی شانشینەكە و لەسەر كاروبارە ئابورییەكان. بەرەنگاربونەوەی كۆڤید-19 خرایە پێش خستنەگەڕی هەر هەوڵێكەوە بۆ رزگاركردنی لوبنان و لە كۆتاییدا و بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا، ئەم وڵاتە دوا كەوت لە دانەوەی بۆندێكی قەرزی 1.2 ملیار دۆلاری لە كاتی خۆیدا، كە ئەمەش قەیرانە ئابوورییەكەی خراپتر دەكات و بوژانەوەی دوای كۆڤید-19ش دوا دەخات. بەڵام لوبنان بە تەنها نییە لەم بارەیەوە. ئەردەنیش وڵاتێكە كە كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەكی زیاتری سیاسی و ئابووریەوە لە ماوەی چەند ساڵی كەمی رابردودا، كە دەبێت لە ساڵی 2020دا 1.67 ملیار قەرز بداتەوە و هیچ هاوكارییەكی دارایش لەلایەن كەنداوەوە لە ئاسۆدا دیار نییە. پاكستان و مەغریب و ئەو وڵاتانەی دیكەی كە بە ڕاددەیەكی گەورە هاوكارییان دەكرا لەلایەن كەنداوەوە لە ئێستادا روبەڕوی كێشەی كەمبونەوەی نەختینە بوونەتەوە بەهۆی كۆڤید-19ەوە. لە ڕاستیدا لیستێكی دورودرێژی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە كە پێویستیان بە پشتیوانی دارایی هەیە لە سەروەختی قەیرانەكەدا، بەڵام بەم نزیكانەی ئەم هاوكارییە لە وڵاتانی كەنداوە دەستەبەر ناكرێت.
دووبارە داڕشتنەوەی سیستمە هەرێمایەتییەكە
كۆڤید-19 جیۆپۆلەتیك و جیوئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت. لە روی ئەمری واقیعەوە وڵاتانی كەنداو بانكی مەركەزی بوون و سەروەت و سامانە زیادەكەیان بەكارهێنا بۆ سەقامگیركردنەوەی بودجەی وڵاتە عەرەبیە گرفتامێزەكان كە لە دوای ڕاپەرینەكانی بەهاری عەرەبییەوە دووچاری بارێكی شڵەژاو بوون. ئەم دابەزینە مێژوییەی نرخی نەوتیش لە كاتێكدایە كە هێندەی دیكەی دۆخەكەی خراپتر كردوە. پەتاكە و ئەو داكشانەی خوڵقاندویەتی گورزێكی گەورە بۆ ئابووری جیهانی و بە شێوەیەكی دراماتیكی خواستی لەسەر نەوت كەمكردەوە و ئەگەری ئەوەشی كەمكردەوە كە رێككەوتنێك بكرێت بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان لە پێناو بەرزكردنەوەی نرخدا. واقیعە جیوئابوورییەكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی- كە لە دۆخێكی لەرزۆكدایە- لە رووی ئابوورییەوە بێبەشكردووە لەو رۆڵی رزگاركردنەی ناوچەی كەنداو دەیبینی. ئەو وڵاتانەی پێویستیان بە پشتیوانی دارایی هەیە نەك هەر تەنها بە سستی گەشە دەكەنەوە دوای كۆڤید-19، بەڵكو ناتوانن قەرزەكانیشیان بدەنەوە و لە كۆتاییشدا دووچاری شلەژانی كۆمەڵایەتیش دەبنەوە.




*

لە سایتی میدڵ ئیست ئینستیتوت بڵاوكراوەتەوە
گوڵان- و: هێمن غنی
نووسینی: محمد سۆلیمان
Top