سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە
چوارشەممە 16/3/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كورتەیەكی دەربارەی پێكهاتەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی خستەڕوو و روونیكردەوە كە فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنەكە وەكو تیمێك دوور لە حزبایەتی و بەشێوەیەكی هاوسەنگ كارەكان بەرێوەدەبن و بودجەی پارێزگاش بە شێوەیەكی شەفافانەو بە ئاگاداری هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەكە دێتە سەرفكردن و تەئكیدیشیان لەوەكردەوە كە ئەنجومەن پردی پەیوەندی نێوان خەڵكی سلێمانی و حكومەتی هەرێمن و باسی ئەو گیروگرفتە یاساییانەشی كرد كە رێگرن لە بەردەم ئەنجامدانی ئەرك و چالاكیەكانیان وەك مانەوەی پاشماوەی دوو ئیدارەیی و دەست تێوەردانی حزب لە حكومەت و كێشەی پارێزگار.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وێرای خستنەڕووی رووداوەكانی ئەم دواییەی سلێمانی داوای كرد یاسایەك بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنی پارێزگاكان دەربچێ‌ و تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە هەرێم پێویستی بە رێككەوتنێكی ستراتیژی كۆمەڵایەتی هەیە.

پاشان هەر یەك لە سەرۆك فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و پارتی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا تێبینی و سەرنجی خۆیان لەسەر ئیدارەی پارێزگا خستەڕوو و تەئكیدیشیان لەسەر بوونی ئیرادەو ئیجرائات كردەوە و داواشیان كرد یاسای ژمارە 3ی پارێزگاكان كارا بكرێت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش بە تەوافوق یان بە بێ‌ لایەنی بێتە دامەزراندن.

پاشان سەرۆك بارزانی وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان ، بیروبۆچوونەكانی سەرۆك و سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەرزنرخاند و روونیكردەوە كە ئەمرۆ 16/3 رۆژێكی مێژووییە و مێژوویەكی نوێی بۆ كورد دروست كرد ، راستە قوربانیەكی زۆری لێ‌ كەوتەوە بەڵام كێشەی كوردی بردە قۆناغێكی دیكەوە.

شەهیدانی كارەساتی رۆژی 16/3 شەهیدی هەرە گەورەن و دەبێ‌ كورد عیبرەت لەو كارەساتە و كارەساتەكانی دیكە وەرگرێ‌ و چەتری كوردایەتی بكەینە چەتری هەموو لایەك و نابێ‌ ئەو فەرهەنگە پیادە بكرێ‌ كە دەبێ‌ ئەویتر نەمینێ‌ ، چونكە فەرهەنگێكی هەڵەیە. مەبەستی من لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكخستنی نێوماڵی كورد بوو ، بۆ ئەوەبوو لە پرسە نەتەوەیی و ستراتیژییەكان یەك دەنگ بین و بە چاوی حزبایەتی رەفتار نەكەین . دوای هەڵبژاردنی 2009 زۆر هەوڵم دا حكومەتێكی بنكە فراوان بینمەدی ، چونكە پێمان وابوو كە ئێمە هێشتا لە قۆناخێكین كە پێویست بەوە دەكات پێكەوە بین و هەر درزێك لە ناو ماڵی كوردا رووبدات هەر بە زەرەرو زیانی كوردەوە كۆتایی پێ‌ دێت.

بەرای من نە حكومەت شتی باشی ئۆپۆزسیون وەردەگرێ‌ و نە ئۆپۆزسیۆنیش شتی باشی دەسەڵات وەردەگرێ‌ ، راستە كەموكورتی هەیە بەڵام نابێ‌ بگاتە رادەی ئەوەی تەخوینی یەكتر بكەین و ململانێكان توندتر بكەینەوە و ئەجیندای سیاسی خۆمان بسەپێنینە سەر ئەجیندایەكی تر كە ئەویش داواكاری خەڵكە . ئایا هەر بە هۆی ململانێكانەوە نەبوو كە وایكرد 4-5 كورسی بدۆرێنین . من بەر لە سەفەرم بۆ ئیتالیا لەگەڵ حزبەكان دانیشتم و پێم وتن با لە شتە گشتییەكان دەربچن و پرۆژەیەك ئامادە بكەن بۆ چاكسازی و كاتێ‌ گەڕامەوە لەگەڵ حكومەت دادەنیشم و سەقفێكی زەمەنیان بۆ دادەنێم بۆ جێبەجێكردنی . بەڵام ئەوەی روویدا شتێكی چاوڕوان نەبوو ، من ئێستاش دەڵێم خۆپێشاندان مافێكی سروشتی هەموو هاوڵاتیانە ، بەڵام ئەنجامدانی توندوتیژی شتێكی هەڵەیە.

مانەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی راستە بەڵام هەنگاوی باشیش نراوە ، ئایا كەس لە خۆی ناپرسێ‌ ئێمە لە كوێ‌ بوین و ئێستا لە كوێداین ؟

من وەكو سەرۆكی هەرێم قبوڵ ناكەم ئاسەواری ئەو دوو ئیدارەییە بمێنێ ، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە كاتە .

تەحەدیاتێكی زۆرمان لە پێشە ، ئێمە كیانێكی سەربەخۆمان نییە ، ئەگەر ئەو دەستكەوتانە لە دەست بچێ‌ بە هیچ شێوەیەك دووبارە نابێتەوە . هەر من بووم كە نەمهێشت سەرۆكایەتی هەرێم لە دوو دەورە زیاتر بێت و ئێستاش پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنە پێشوەختە و دامەزراندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە تەوافوقی هەموو لایەك دەكەم.

ئەمەو لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا تەئكید لەسەر پێویستی چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی نێوان ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگاری سلێمانی و زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان كرایەوە هەر دوو بەرێزان شێخ مەحمودكاوە حەفیدزادە و حاجی حاجی برایم راوێژكارانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
Top